ئەمڕۆ یاریی کۆتایی پاڵەوانێتیی کراوەی تێنسی ویمبڵدنە
رووداو دیجیتاڵ
یەک هەنگاو بۆ فراوانترکردنی مێژوو، یەک هەنگاو بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو شتێک، هەنگاوێک کە لەوانەیە گرنگترینی ژیانی نۆڤاک جۆکۆڤیچ بێت، ئەو هەنگاوەیە کە دەبێت بۆ دووپاتکردنەوەی باڵادەستییەکەی بینێت.
یاریی کۆتایی تێنسی کراوەی ویمبڵدنە، هەموو چآوەکان دەچنە یانەی گشتیی لە لەندەن، یاریگەیەی کە لە سەرەتاوە جۆکۆ خۆی بەدەستەکانی دەیپاراست و چیمەنەکەی وشک دەکردەوە، بۆ ئەوەی کۆتاییەکی خۆشی لەسەر ئەنجامبدات.
رکابەرییەک لە نێوان دوو نەوەدا، نەوەیەک دەڵێت بەسە ئیدی ئەوە 20 ساڵە هەر ئێوەن، رۆجێ نەما، رافا کەوت، مورای کۆتاییپێهات، نۆرەی دوایین داشە کە نۆلێیە، دەبێت ئەویش تەواوبێت، ئەمە قسەی نەوەی ئێستایە، بەڵام جۆکۆ وەک دوایین سەربازی سەردەمی ئاڵتوونیی تێنس، قسەیەکی دیکەی هەیە، هێشتا گەنجم، هێشتا باشترینم.
خاوەنی 23 گراندسلامە و چاوی لە 24ـمینە، خاوەنی حەوت ویمبڵدنە و دەیەوێ بیکات بە هەشت، 35 جار گەیشتووەتە کۆتایی و دەیەوێ بیباتەوە، هەموو ئەمانە ریکۆردن، جۆکۆڤیچ لە بەردەم دەرگای مێژوودا وەستاوە و هێواش هێواش دەستکەوت و نازناو دەباتە ژوورەوە.
ئەوەی بەرامبەر جۆکۆ وەستاوە، دەڵێت راستە نادال لێرە نییە و فێدێرێر وازیهێناوە، ئەوەتا من هەم، تەمەنم 20 ساڵە و 16 ساڵ لە تۆ منداڵترم، من ئالکارازم، خەڵکی گوندی پالمارم لە هەرێمی مورسیا، من شوێنگرەوەی نادالم، من کارلیتۆسم، یەکەمی جیهانم.
ئالکاراز خاوەنی یەک گراندسلامە، کە ساڵی رابردوو ئەمریکای بردەوە، هەر بەو هۆیەشەوە یەکەمی جیهانی گرتووە، بەڵام یەکەمجارە دەگاتە فایناڵی ویمبڵدن، هێشتا تواناکانی خۆی لەسەر یاریگە چیمەنەکان دەرنەخستووە، ئایا بەڕاست، گەنجێكی 20 ساڵان، دەتوانێ رێگە بە تسۆنامی بگرێت؟
ئەوەی کە یارییەکەیان ئاڵۆزتر کردووە ئەوەیە، بەر لەم یارییەی نێوان ئالکاراز و جۆکۆڤیچ، دوو جار یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، جارێک جۆکۆ بردییەوە، جارێكیش کارلیتۆس، بەڵام هەردوو جارەکە لەسەر یاریگەی گڵ بوون، ئەوەی جۆکۆڤیچ بردییەوە، لە رۆلان گارۆس بوو، ئەوەی ئالکاراز بردییەوە لە ماستەرزی مەدرید بوو.
جۆکۆڤیچ دەیەوێ بۆ یەکەمجار لە ماوەی 54 ساڵی رابردوو کارێكی گەورە بکات، ئەویش بردنەوەی سەرجەم گراندسلامەکانی ساڵە، ئەو ئێستا خاوەی دوو نازناوە کە ئوسترالیا و رۆلان گارۆسن، ئەگەر ئەمڕۆ ویمبڵدن بباتەوە، تەنیا ئەمریکای دەمێنێت، ئەمەش لە 1969ـەوە رووینەداوە کە یاریزانێك ئەم کارە بکات.
ئەوەی لە وەرزشدا جوانە، حساب نەکردنە بۆ تەمەن، بۆ نموونە ئەو ساڵەی جۆکۆڤیچ چووە نێو دنیای تێنسی پرۆفیشناڵەوە، لەو ساڵەدا ئالکاراز لەدایکبووە.