ئەو کەسە دەستگیرکرا کە ویستی هێرشبکاتە سەر هاندەران
رووداو دیجیتاڵ
بەر لە بەرێوەچوونی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی هۆڵەندا و پۆڵەندا، کەسێک ویستوویەتی هێرشبکاتە سەر هاندەران و لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.
ئەمڕۆ لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا کە یاریی هۆڵەندا و پۆڵەندای لە رکابەرییەکانی یۆرۆی 2024 لێی دەکرێت، کەسێک ویستوویەتی هێرشبکاتە سەر هاندەرانی هەڵبژاردەکان، بە گوتەی پۆلیسی شارەکە ئەو کەسە تەور و بۆمبی ئاگرینی پێبووە.
پۆلیس لە ماوەیەکی زۆر کەمدا کەسەکەی دەستگیرکردووە و رێگریی کردووە زیان بە هیچ هاندەرێک بگەیێنرێت و هیچ مەترسییەک لەسەر هاندەرانی هەردوو هەڵبژاردە نەماوە.
رووداوەکە رێک لە داونتاونی ناوچەی ساینت پاولی لە شاری هامبۆرگ روویداوە، ئەمڕۆ هەزاران هاندەر بەرلە یارییەکەی هۆڵەندا و پۆلەندا روویان لەو ناوچەیە کردووە.
پێشتر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاندبوو، پۆلیس لە هەموو شوێنێکی وڵاتەکە بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات و دەیانەوێت بە ئارامییەکی زۆرەوە رکابەرییەکانی یۆرۆی 2024 بەڕێوەببەن.
یارییەکانی یۆرۆی 2024 بەبەشداریی 24 هەڵبژاردە لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچن، ئەمڕۆ رۆژی سێیەمی پاڵەوانێتییەکە، هۆڵەندا و پۆڵەندا، دانیمارک و سلۆڤینیا، ئینگلتەرا و سێربیا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.