سەمەد جەوهەر بووە راهێنەری یانەی پێشمەرگەی هەولێر


هەولێر / محەمەد كارێزی

سكرتێری یانەی پێشمەرگەی هەولێر رایگەیاند، سەمەد جەوهەر ئەركی راهێنەرایەتی تیپی تۆپی پێی یانەكەیانی وەرگرتووە.

نیهاد عادل ئەمڕۆ پێنج شەم لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی"بە شێوەیەكی فەرمی سەمەد جەوهەر بووە راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەكەمان و تەواوی كاری رێككەوتنەكانمان لەگەڵ تەواو كردووە".

عادل روونی كردەوە، ئەم راهێنەرە خاوەن ئەزموون و شارەزاییەكی زۆرە لە بوارەكەیدا، هەروەها ئێمەش ئازادییەكی تەواوی دەدەینێ لە كاروباریی و دروست كردنی پێكهاتەیەكی بەهێز و دەست نیشان كردنی یاریزانە ئاست بەرزەكان.

سكرتێری یانەی پێشمەرگەی هەولێر جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە، دوای پشوویەكی كورت بۆ وەرزی داهاتووی خولی نایابی كوردستان راهێنان و ئامادەكارییەكی زۆر دەكەین و گۆڕانكاریی و ئیمزا كردنی گرێبەست لەگەڵ یاریزانی ئاست بەرز ئەنجام دەدەین".

سەمەد جەوهەر پێشتر یەكێك بووە لە یاریزانە ئاست بەرزەكانی یانەی هەولێر، هەروەها وەك راهێنەر لەگەڵ یانەی هەندرێن ئەنجامی گەورەی هەبوو بەتایبەت بەدەست هێنانی نازناوی خولی یانە نایابەكانی كوردستان.