ئاتلێتیک بیلباو دێربیی باسکی بردەوە
رووداو هەولێر
ئاتلێتیک بیلباو دێربیی باسکی لە بەرژەوەندی خۆیدا یەکلاییکردەوە، دوای ئەوەی شکستی بە یانەی ریال سۆسیداد هێنا.
لە گەڕی 29ـی خولی ئیسپانیادا، ئاتلێتیک بیلباو لە دێربی هەرێمی باسکدا، لەسەر یاریگەی سان مامێس میوانداری ریال سۆسیدادی دراوسێی کرد و بە ئەنجامی 2-0 لێیبردەوە.
ئیناکی ویلیامزی هێرشبەری بیلباو باشترین یاریزانی یارییەکە بوو، کە توانی هەردوو گۆڵەکەی یانەکەی تۆماربکات.
گۆڵی یەکەمی لە خولەکی 33 تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی خاوەن یاریگە بە گۆڵێک کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا تیپی میوان هەوڵیدا ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە، بەڵام ویلیامز لە خولەکی 70 گۆڵێکی دیکەی بۆ بیلباو تۆمارکرد.
بەم سەرکەوتنە ئاتلێتیک بیلباو ژمارەی خاڵەکانی بۆ 43 خاڵ بەرزکردەوە، لە کاتێکدا ریال سۆسیداد لە پلەی چوارەمدا مایەوە، کە 51 خاڵی هەیە.