ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ خەون بە یاریکردن بۆ ریال مەدریدەوە دەبینێت

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ، کە نزیکە لەوەی یانەکەی بەجێبهێڵێت، دەڵێت "دەمەوێت پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکەم."
 
ئایڤن تۆنی، هێرشبەری یانەی برێنتفۆردی ئینگلیزی، لە رابردوودا حەزی خۆی لەبارەی بەجێهێشتنی برێنتفۆرد و پەیوەندیکردن بە 'یانەیەکی گەورەوە' نەشاردووەتەوە و تۆماس فرانکی راهێنەری یانەکەش رایگەیاند کە لە هاوینی ئەمساڵدا تۆنی لە برێنتفۆرد نامێنێت، هەریەکە لە یانەکانی ئارسیناڵ و چێڵسی نزیکترین یانەن لە گواستنەوەی یاریزانەکە. 
 
تۆنی لە هەپڤەیڤینێکدا لەبارەی ئەوەی کە ئایا هاوینێکی نایاب بۆ ئەو چۆن دەبێت و چی تێدا دەبێت، دەڵێت "دەمەوێت بەشداری لە یۆرۆدا بکەم و جامەکە ببەینەوە. ئەگەر برێنتفۆرد بیەوێت بمفرۆشێت و پارەم لێپەیدا بکات، ئەوا دەمەوێت پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکەم."
 
هێرشبەرەکەی برێنتفۆرد لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە حەز دەکات ئەم وەرزە چۆن کۆتایی پێبێت، دەڵێت "دەمەوێت لە ئێستاوە تاوەکو کۆتایی وەرز هەموو یارییەکانمان ببەینەوە، 20 گۆڵ تۆماربکەم و نۆ کلین شیتیشمان هەبێت."
 
تۆنی وەرزی رابردوو درەوشایەوە، لە پرێمەرلیگدا بەشداری لە 33 یاری کرد و توانی 20 گۆڵ و چوار ئاسیست بکات، وەک سێیەم گۆڵکاری خولەکە کۆتایی بە وەرزەکە هێنا. 
 
پێش کۆتاییهاتنی وەرزی رابردوو، تۆنی بە تاوانی گرەوکردن لەسەر یارییەکان، سزایەکی قورس درا و بۆ ماوەی هەشت مانگ لە یاریکردن سڕکرا. لەم وەرزەشدا لەگەڵ یانەکەی بەشداری لە نۆ یاریدا کردووە و چوار گۆڵیشی تۆمارکردووە.