ڤیدیۆ؛ مانچێستەر سیتی پێشەنگی پرێمەرلیگی لە ئارسیناڵ وەرگرت

رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر سیتی پێشەنگی ریزبەندیی پرێمەرلیگی لە ئارسیناڵ وەرگرت، دوای ئەوەی لە یارییەکی بەهێزدا لەسەر یاریگەی ئیمارات لێیبردەوە.
 
لە یارییەکی دواخراوی گەڕی 12ـی پرێمەرلیگدا، مانچێستەر سیتی بووە میوانی ئارسیناڵ  و بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لێیبردەوە.
 
مانچێستەر سیتی لە خولەکی 24 لە رێگەی کیڤن دی برۆینەوە بە گۆڵێک پێشکەوت، بەڵام ئارسیناڵییەکان خۆیان بەدەستەوە نەدا و بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم بە 3 خولەک بوکایۆ ساکا بە لێدانی سزا گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکرد.
 
یارییەکە لە نیوەی دووەمدا بە هاوسەنگی بەڕێوەدەچو، کە هەردوو یانە هەوڵی تۆمارکردنی گۆڵی دووەمیان دەدا، بەڵام جاک گریلیش لە خولەکی 72ـدا توانی ئەوە بۆ تیپی میوان بکات و مانچێستەر سیتی بە ئەنجامی 2-1 پێشکەوت.
 
لە کاتێکدا کە کوڕانی ئارتێتا هەوڵیان بۆ دووبارە یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەیان دەدا، ئێرلینگ هالاند لە خولەکی 82 گۆڵی سێیەم و دڵنیایی و بردنەوەی بۆ تیپەکەی پێپ گواردیۆلا تۆمارکرد.
 
بەم ئەنجامە مانچێستەر سیتی ژمارەی خاڵەکانی بۆ 51 خاڵ بەرزکردەوە، هاوتای ئارسیناڵ، بەڵام بەجیاوازی گۆڵ شوێنی لە پێشەنگی ریزبەندیدا گرتەوە، بەڵام ئارسیناڵ یارییەکی کەمترە.