ڤیدیۆ راپۆرت؛ چامپیۆنزلیگ دەستپێدەکاتەوە و بارسێلۆنا و پاریس بە بیرەوەری ریمۆنتادا یارییدەکەن


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دوای 76 رۆژ لە وەستان، جارێکی دیکە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، چامپیۆنزلیگ، گەورەترین و سەرنجڕاکێشترین پاڵەوانێتی تۆپی پێی لەسەر ئاستی یانەکان دەستپێدەکاتەوە، لە دەستپێکی یارییەکانی چوونی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ، بارسێلۆنای ئیسپانیا بەرامبەر پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و دووەمی وەرزی رابردوو یارییدەکات، ئەمە یارییەکە هەر کاتێک باسی دەکرێت، هەر کاتێک ناویان پێکەوە دەهێنرێت، هەمووان بیریان بۆ رووداوێکی مێژوویی دەچێت، ئەویش ئەو ریمۆنتادایە گەورەیەیە کە بارسێلۆنا لە 2017، لە هەمان ئەو یاریگەیەدا تۆماریکرد، کە ئەمشەو تێیدا رووبەڕووی پاریس سانجێرمان دەبێتەوە کە یاریگەی کامپ نویە.

بارسا بە کاتێکی باشدا تێدەپەڕێت، کۆمان تارادەیەکی زۆرباش پێکهاتەیەکی باشی بۆ بارسێلۆنا دروستکردووە و ئەمڕۆ بۆ ئەوان تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەیە، لەکاتێکدا ئەوەی لە ماوەی رابردوودا کۆمان کردوویەتی بەشێکی زۆری تەنیا رێکخستنەوەی تیپەکەی و گەڕان بەدوای چارەسەر بووە بۆ کێشەکانی.

دوای وەرزێکی مێژوویی و خراپ لە چامپیۆنزلیگی وەرزی رابردوودا، ئەمڕۆ بۆ بارسا قۆناخێکی نوێیە، بۆ پاریسیش دوای رۆیشتنی تۆماس توخێل و هاتنی ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، بەهەمان شێوە، هەردووکیان دوو تاقیکردنەوەی راستەقینەیان دەبێت، بۆ ئەوەی بگەنە قۆناخی داهاتوو.

پاریس بە کێشەی زۆرەوە ئەم یارییە دەکات، بارسێلۆناش بێ کێشە نییە، هەردووکیان پێکانی زۆریان هەیە، بەڵام ئەمە بیانۆ نابێت بۆ ئەوەی ئاستێکی بەرز پێشکێش نەکەن، بەتایبەتیش بارسا، چونکە ئەگەر لە یاریگەی خۆیدا بدۆڕێت، بۆ یاریی گەڕانەوە کە ئەگەری گەڕانەوەی یاریزانە پێکراوەکانیشی زیاتر دەبێت، ئەرکی پاریس ئاسان دەکات بۆ گەیشتن بە قۆناخی هەشت.

ئەوەی پاریس بۆ بردنەوە هاندەدات و ئەرکیشی تارادەیەکی باش ئاسان دەکات، ئەوەیە کە پۆچێتینۆ پێشتر لە لالیگا کاریکردووە و شارەزایەکی زۆری لە شێوازی یارییکردنی بارسێلۆنا هەیە و دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ یانەکە بکات.

لە یانەی بارسێلۆنا، ئاراوخۆ، سێرجی رۆبێرتۆ، کۆتینیۆ و ئانسۆ فاتی یاریی ناکەن، جیرارد پیکێ لە دوایین مەشقەکاندا بەشداربووە و دەیەوێت بەشداری لە یارییەکەدا بکات.

لە ریزەکانی پاریس سانجێرمان، نەیمار، دیماریا، عەبدو دیالۆ، داگبا، خوان بێرنات، ئەوانەن کە یاریی ناکەن بەڵام ڤێراتی گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکراوە و ئەگەری هەیە یاریی بکات.

سێجار لە قۆناخی چارەکی کۆتایی بەرامبەر یەک یارییانکردووە، بارسا هەرسێ جارەکە پاریسی کردووەتە دەرەوە، دواینجار وەرزی 2017-2016 بوو، کاتێک بارسا یاریی چوونی بە 4-0 دۆڕاند و لە یاریی گەڕانەوەدا 6-1 یارییەکەی بردەوە و ئەو رۆژە ریمۆنتادا بەشێوەی کردەیی هاتە نێو دونیای تۆپی پێ، کە هەفتەیەک بوو لە بارسا وەک توڵەکردنەوەیەک باس دەکرێت.

لە 2012ـەوە تاوەکو ئێستا تەنیا ریال مەدرید و دۆرتموند زیاتر لەم دوو یانەیە بەریەککەوتوون، کە 8 یاریی بووە، 32 گۆڵ لە یارییەکانی نێوان ئەم دوو یانەیە کراوە، بە رێژەی 4 گۆڵ هەر یارییەک.

37 ساڵە هیچ یانەیەکی فەرەنسی لەنیو کامپ نو لە بارسێلۆنای نەبردووەتەوە کە ئەوکاتە میتس بە 4-1 یارییەکەی لە بلاوگرانا بردەوە.

لە 2007-2006ـەوە کە ئەو وەرزە میلان بووە پاڵەوان، لیڤەرپوول بەبردنەوەی لە بارسێلۆنای بردەوە لە قۆناخی 16ـدا، بارسێلۆنا 13 جار چووەتە قۆناخی هەشت و چاوی لەوەیە بۆ جاری 14ـەیەم بگاتە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە.

لە یارییەکەی ئەمشەودا، لە نەبوونی نەیمار، چاوەکان لەسەر ئێمباپێ دەبن بۆ ئەوەی رکابەری مێسی بکات، بۆ ئەوەی سەرکردایەتی پاریسییەکان بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش لە یارییەکەدا، مێسی لە هەفتەکانی رابردووە رۆژ لە دوای رۆژ ئاستی بەرزتر دەبێتەوە، رۆژ لە دوای رۆژ هەست بە ئارامییەکی زیاتر دەکات، رۆژ بە رۆژ گەشبینی زیاتری پێوە دیارە، لە یاریی رابردووی یانەکەشیدا لە لالیگا دوو گۆڵی تۆمارکرد و باشترین ئاستی پێشکێشکرد، ئەمە بۆ یارییەکەی ئەمشەو هاوکارییەکی زۆری تیپەکەی کەتەلۆنیا دەکات، پێچەوانەی ئێمباپێ کە لە نەبوونی دیماریا و نەیمار هەست بە تەنیای دەکات و لە دوو یاریی رابردووی یانەکەشیدا لە خول و جامی یەکێتی فەرەنسا هیچ گۆڵێکی نەکردووە.

ئێمباپێ بە خێراییەکەی دەتوانێت کێشەی زۆر بۆ بەرگری بارسێلۆنا دروستبکات، بەتایبەتیش کە تاکە کێشەی ئێستای پێکهاتەی کۆمان هێڵی بەرگری یانەکەیە، کیلیان لە 40 یاریی چامپیۆنزلیگدا 21 گۆڵی کردووە، بە رێژەی 0،52 بۆ هەر یارییەک، کە ئەمە بۆ یاریزانێکی 22 ساڵ رێژەیەکی زۆرباش و سەرنجڕاکێشە بۆ رکابەرەکانی پاریسیش جێگەی مەترسیی و راوەستانی زۆرە لەسەری.

لە بەرامبەردا لیۆنێل مێسی، 147 یاریی لە چامپیۆنزلیگدا ئەنجامداوە و خاوەنی 118 گۆڵە، بەرێژەی 0.80 گۆڵ بۆ هەر یارییەک، کە ئێستا ئەو یاریزانە دووەم گۆڵکاری مێژووی چامپیۆنزلیگە.

کامپ نو بۆ هەموو یانانەی بۆ رکابەریکردنی بارسا رووی تێدەکەن، وەک کابووسێک سەیری دەکەن، کاریگەریی دۆڕانی 6-1 بەرامبەر ئەو یانەیە تاوەکو ئەمشەویش لەسەر پاریس بەردەوامدەبێت، تاوەکو ئەمشەویش بەشێکی یاریزانەکانی ئەو یانەیە کە لەو شەوە مێژوویەدا رووبەڕووی گەورەترین شکستی مێژووی تۆپی پێ بوونەوە یارییدەکەن، ئەوان خەیاڵیان لای توڵەکردنەوەی ئەو شەوەیە، بەڵام بارسا کە مێسیی هەیە، بە راستی دۆڕان لە کامپ نو زەحمەتە.

مێسی 15 یاریی لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ لە کامپ نو ئەنجامداوە، 20 گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکردووە و 4 ئاسیستی هەبووە.