بارسێلۆنا بۆ یاریی كلاسیكۆ بارودۆخی زۆرخراپه‌

 
رووداو - هه‌ولێر

واپێشبینی ده‌كرێت چه‌ند یاریزانێكی به‌رگری له‌ یانه‌ی بارسێلۆنا، له‌ یاریی كلاسیكۆ به‌شداریی نه‌كه‌ن، كه‌ 1ی ئادار به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌ی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، خۆردی ئالبای به‌رگریكاری بارسێلۆنا، دووچاری پێكان بووه‌ و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ بۆ ماوه‌ی 3 هه‌فته‌ له‌ یاریگه‌كان داببڕێت.

ئالبا شه‌وی رابردوو له‌ یاریی تیپه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر خیتافی له‌ گه‌ڕی 24ی لالیگا له‌ قاچی راستی دووچاری پێكان بوو.



سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، ئه‌گه‌ر ئالبا سێ هه‌فته‌ دووربكه‌وێته‌وه‌، كه‌واته‌ له‌ یارییه‌كانی تیپه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر ئیبار، ریال مه‌درید، كه‌ یاریی كلاسیكۆیه‌، هه‌روه‌ها به‌رامبه‌ر ریال سۆسیدادیش یاریی ناكات، جگه‌ له‌مه‌ش له‌ یاریی به‌رامبه‌ر ناپۆلی له‌ چامپیۆنزلیگدا به‌شدارنابێت.

هاوكات هه‌ردوو به‌رگریكار ساموێل ئۆمتیتی و كلیمنت لینگلێ، هه‌ریه‌كه‌ی چوار كارتی زه‌ردیان هه‌یه‌ و له‌ یاریی داهاتوودا به‌رامبه‌ر ئیبار هه‌ریه‌كه‌یان كارت وه‌ربگرێت، ئه‌وا له‌ كلاسیكۆ به‌شدارنابێت.

بارسێلۆنا بارودۆخی باش نییه‌ و له‌ كلاسیكۆی داهاتوودا له‌ لویس سوارێز و عوسمان دێمبیلیش بێبه‌ش ده‌بێت، كه‌ پێكانیان هه‌یه‌.