کەیلۆر ناڤاس، ئەزموونە دەوڵەمەندەکەی دەباتە ئەرجەنتین
رووداو دیجیتاڵ
کەیلۆر ناڤاس، ئەستێرەی کۆستاریکی و گۆڵپارێزی پێشووی یانەکانی ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان، دەیەوێت ئەزموونێکی نوێ تاقی بکاتەوە و نزیکە لە پەیوەندیکردن بە ریزەکانی یانەیەکی ئەرجەنتینی.
ئەو یانەیە سان لۆرێنزۆیە و نزیکە هەردوولا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی، لەسەر گواستنەوەی گۆڵپارێزەکە و تەواوکردنی کارەکانی گواستنەوەی، تەنیا کۆمەڵێک وردەکاری ماون کە پەیوەندییان بە لایەنی دارایی گرێبەستەکەوە هەیە.
ساڵی رابردوو، یانە ئەرجەنتینییەکە گرێبەستی لەگەڵ ئیکەر مونیاین، ئەستێرەی یانەی ئاتلێتیک بیلباو واژۆکرد، ماوەیەکی زۆریشە بەدوای گۆڵپارێزێکی بەتوانادا دەگەڕێت بۆ ئەوەی تیپەکەی بەهێزتر بکات.
سەرچاوەیەک لە یانەی سان لۆرێنزۆ دەڵێت "کارگێڕیی یانەکە کاردەکات بۆ ئەوەی کارەکانی گرێبەستی کەیلۆر ناڤاس تەواو بکات و گەرەنتی مووچەی یاریزانەکە بکات، بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنی کۆتایی و ناڤاس پەیوەندی بە یانەکەوە بکات."
کەیلۆر ناڤاس، گۆڵپارێزی کۆستاریکی تەمەنی 38 ساڵە، لە ناوەڕاستی ساڵی 2024ـەوە بێ یانەیە، دوای ئەوەی لە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی رۆیشت.
ناڤاس لە کاروانی یارییکردنیدا، یاریی بۆ یانەکانی لێڤانتی و ریال مەدریدی ئیسپانی، پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و نۆتینگهامی ئینگلیزی کردووە و چاوەڕواندەکرێت ئەزموونی داهاتووی لە خولی تۆپی پێی ئەرجەنتین بێت.