یانەی هەولێر بەشداری لە پاڵەوانێتیی بالەی عەرەبدا دەکات
رووداو هەولێر
یانەی هەولێر بەنوێنەرایەتی عێراق بەشداری پاڵەوانێتیی یانەکانی عەرەبی لە قەتەر کردووە، تیپەکە ئامادەکاریکردووە و دەیەوێت ئەنجامێکی باش بەدەستبێنێت.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە پاڵەوانێتییەکە دەستپێبکات، یارییەکانی بە بەشداری 15 یانەیە و بەشێوازی چوار کۆمەڵە بەڕێوەدەچن.
یانەی هەولێر لە کۆمەڵەی سێییەم رووبەڕووی یانەکانی دارکلیبی بەحرەینی، ئەهلی میسری و شورتەی قەتەری دەبێتەوە.
دوو رۆژە شاندی یانەی هەولێر گەشتی شاری دەوحەی کردووە، تیپەکە دوایین یەکەی ئامادەکاری ئەنجامداوە و ئامادەیە بۆ چوونە ململانێکانی یانەکانی عەرەب.
محەممەد کەریم، تەمەنی بیست و پێنج ساڵە و ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراقە، یەکەم یاریزانی کوردە وەک یاریزانی پیشەگەر لە خولی کوێتی یارییکردووە، ئەو گەڕاوەتەوە ریزەکانی یانەی هەولێر و دەیەوێت لە پاڵەوانێتی بالەی یانەکانی عەرەبدا، بە ئاستێکی بەرزەوە دەربکەون.
محەممەد کەریم، یاریزانی یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "زۆر دڵخۆشم و شەرەفێکی گەورەیە جارێکی دیکە درێسی یانەی هەولێرم پۆشی، هەموو هەوڵ و توانام دڵخۆشکردنی هاندەران و بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە بۆ تیپەکەم".
درێس زەردەکان بەپشتبەستن بە 12 یاریزانی کورد و دوو عەرەب و یاریزانێکی پیشەگەری مۆنتینیگرۆیی دەیانەوێت لە پاڵەوانێتییەکەدا تیپێکی رکابەربن، سەرەڕای ئەوەی بەشێکی یاریزانەکانی تیپەکە یەکەمجارە ئەم ئەزموونە تاقی بکەنەوە، کاکەجوان رەمەزان راهێنەری کورد دوای 12 ساڵ کارکرنی لەگەڵ تیپەکە ئەمجارە ئەزموونێکی نوێ تاقیدەکاتەوە.
کاکەجوان رەمەزان، راهێنەری یانەی هەولێر، دەڵێت "ئامادەکارییەکانمان باشن و سەیری ڤیدیۆی یارییەکانی تیپەکانی دیکەم کردووە، بەڵام دڵنیام بەهەمان پێکهاتە یاری ناکەن و گۆڕانکاری لە ئاستیان روودەدات، بۆیە دەبێت لە کاتی یارییەکاندا باشتر خوێندنەوەیان بۆ بکەم".
هەولێرییەکان تەنیا لە هۆڵە داخراوەکەی عەنکاوە راهێنانیان کردووە، نەبوونی کەمپی راهێنان و یاریکردنی دۆستانە بەربەستێکی بەردەم تیپەکە بووە بەر لە دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە.
بەسیم عیسا، سەرپەرشتیاری بالەی یانەی هەولێر، لەو بارەیەوە بۆ رووداوی روونکردەوە "راستە ئامادەکارییەکانمان زۆر باشن و متمانەیەکی زۆرمان بە تیپەکەمان هەیە، بەڵام باشتربوو کەمپێکی راهێنان و چەند یارییەکی دۆستانەی ئامادەکاریمان لە ناوخۆ یان لە دەرەوەی عێراق ئەنجام بدایە، بەهۆی چەند کێشەیەکی تەکنیکی نەمانتوانی کەمپی راهێنان بۆ یاریزانانمان بکەینەوە".
وەرزی رابردوو یانەی هەولێر پلەی دووەمی خولی نایابی بالەی عێراقی بەدەستهێنا، ئەمساڵ گەیشتووەتە قۆناخی هەشتی خولەکە، بە بەشداریکردنی لە پاڵەوانێتیی عەرەبیدا، یانەکە دەیەوێت لاپەڕەیەکی دیکەی مێژووی بالەی عێراق بەناوی خۆیەوە بکات.
یانەی هەولێر لە وەرزی 2007 -2008 نازناوی خولی نایابی بالەی عێراقی بردووەتەوە، ئەوکات بەشداری پاڵەوانێتیی یانەکانی عەرەبی لە تونس کرد، بەڵام لە قۆناخی کۆمەڵەکان ماڵئاوایکرد، ئێستا دووەمجارە یانەی هەولێر بەشدار دەبێت لە پاڵەوانێتیی یانەکانی عەرەب.