یانەی زەورا بۆ رووداو: لەگەڵ مەحموود کەهرەبای ئەستێرەی میسری رێککەوتووین
تایبەت بە رووداو
یانەی زەورا بۆ رووداو ئاشکرایکرد، سەرکەوتووبوونە لە گرێبەستکردن لەگەڵ مەحموود کەهرەبای ئەستێرەی میسری، کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بەشێوەیەکی فەرمی وەک یەکێک لە گرێبەستە گرنگەکانی بازاڕی گواستنەوەی خولی ئەستێرەکانی عێراق رابگەیێنرێت و بە میدیاکان بناسێنرێت.
مەحموود عەبدولمونعیم ناسراو بە مەحموود کەهرەبا، یاریزانی ناسراوی میسری لە 1994 لەدایکبووە، ئەستێرەی هەڵبژاردەی یەکەمی میسرە و بۆ یانەکانی زەمالیک و ئەهلی وڵاتەکەی یاریکردووە، وەک یاریزانی پیشەگەر لە خولی وڵاتانی تورکیا، سویسرا و سعودیە لەگەڵ پۆرتوگال یاریکردووە، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستە و لە باڵەکان یاریدەکات.
هاتنی مەحموود کەهرەبا بۆ عێراق بووەتە پرسی گەرمی میدیای میسری و شەقامی وەرزشیی عێراق.
عیسام حەمەد، راهێنەری یانەی زەورا، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "ئێمە زۆر پێویستیمان بەتواناکانی مەحموود کەهرەبایە، گرێبەستێکی سەرکەوتووی یانەکەمانە و کارەکان گەیشتوون بە قۆناخی کۆتایی و پێموایە دەبێتە لایەنێکی بەهێزی وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق".
یانەی زەورا ناوێکی دیار و گەورە لە مێژووی تۆپی پێی عێراق، لانکی پێگەیاندنی ئەحمەد رازی ئەفسانەی هەڵبژاردەی عێراق، ئێستا بەکۆکردنەوەی 28 خاڵ لە پلەی پێشەنگی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە و دەیەوێت نازناوی خولەکە بباتەوە.
یانەی زەورا بڕی 400 هەزار دۆلاری ئەمریکی داوەتە ئەستێرە میسرییەکە لەبەرامبەر یاریکردن لە ریزەکانیدا بۆ ماوەی شەش مانگی داهاتوودا.
ئەرشەد عەقار، رێکخەری نووسینگەی راگەیاندنی یانەی زەورا، لەبارەی وردەکاریی گرێبەستەکەی مەحموود کەهرەبا، زیاتر روونیکردەوە "هەموو کارەکان کۆتاییانهاتووە و یانەکەمان 400 هەزار دۆلاری پێشکەشی مەحموود کەهرەبا کردووە، تەنیا هەندێک خاڵی بچووک وەک شوێنی مانەوە و هەندێک داواکاریی ئەستێرەکە ماون، چاوەڕواندەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا کارەکان بەتەواوی ببنە فەرمی و ئەو یاریزانە دێتە شاری بەغدا و گرێبەستەکە بەفەرمی واژۆ دەکرێت و بە میدیاکان دەناسێنرێت".
یانەی زەورا لە 1969 دامەزراوە، خاوەن 14 نازناوی خولی عێراق و 16 نازناوی جامی عێراقە.