ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا 5 گۆڵی دیکەی تۆمارکرد و ریال بێتیسی بە دەردی ریال مەدرید برد
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و لە ماوەی تەنیا سێ رۆژدا بۆ جاری دووەم لە یارییەکدا پێنج گۆڵی تۆمارکرد و خۆی گەیاندە قۆناخی هەشتی جامی شای ئیسپانیا.
بارسێلۆنا لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر ریال بێتیس یارییکرد، بەر لە یارییەکە یاریزانانی تیپی میوان رێڕەوی رێزلێنانیان بۆ یاریزانانی بارسێلۆنا دروستکرد، بەبۆنەی بردنەوەی نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا، دوای ئەوە یارییەکە دەستیپێکرد.
خاوەن یاریگە بەهێزەوە دەستیپێکرد و دوای تەنیا سێ خولەک، گاڤی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ بلاوگرانا تۆمارکرد و یانەکەی پێشخست.
لە دوو هێرشدا دانی ئۆلمۆ خۆی تاقیکردەوە، بەڵام بەختی نەبوو و نەیتوانی گۆڵی دووەم تۆمار بکات.
لە خولەکی 27 ژۆل کوندێ، بارسای بەلێدانێکی بەهێز کردە خاوەنی دوو گۆڵ، نیوەی دووەم لەنێو هێرشە بەردەوامەکانی خاوەن یاریگە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا بارسێلۆنا لەسەر هێرشە کانی بەردەوامبوو، لە خولەکی 54 لامین یامال گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام بەهۆی ئۆفسایدەوە رەتکرایەوە.
خولەکی 58 رافینیا، ئاستبەرزیی خۆی دووپاتکردەوە و بارسێلۆنای کردە خاوەنی سێ گۆڵ.
ئەمجارە نۆرەی فێران تۆرێس هات، بەلێدانێکی بەهێز، بۆ جاری چوارەم تۆڕی گۆڵی یانەی میوانی هەژاند.
لامین یامال، لە خولەکی 75 گۆڵێکی دیکەی تۆمارکرد، دوای گەڕانەوەی ناوبژیوان بۆ ڤار، گۆڵەکە هەژمارکرا و بارسێلۆنا بووە خاوەنی 5 گۆڵ.
لە دوایین خولەکەکانی یارییەکە ڤیتۆر رۆکی، یاریزانی بارسێلۆنا، کە بەخواستن یاری بۆ ریال بێتیس دەکات، گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام هیچی لە یارییەکە نەگۆڕی و بارسێلۆنا بە پێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە و گەیشتە قۆناخی هەشتی جامی شای ئیسپانیا.
بارسێلۆنا، ئەمە دووەم یارییە لەسەریەک پێنج گۆڵ تۆماردەکات، دوای ئەوەی لە یاریی کلاسیکۆدا 5 گۆڵی لە ریال مەدرید کرد و بووە پاڵەوانی جامی سوپەری ئیسپانیا.