مان سیتی دەیەوێت ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ لە قوڕگی ئارسیناڵ دەربهێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی بە پێدانی بەڵێنێک، ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ رازی دەکات پەیوەندی بە یانەکەوە بکات و ئارسیناڵ بێهیوا دەکات. 
 
لە ماوەی رابردوودا بڵاوکرایەوە کە هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی و ئارسیناڵ رکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی پێدرۆ نێتۆ، یاریزانی پۆرتوگالی و ئەستێرەی یانەی وۆڵڤەرهامپتن. ماڵپەڕی فوتبۆڵ ترانسفێرس رایگەیاند یانەکەی شاری مانچێستەر بەڵێنی ئەوەیان بە نێتۆ داوە کە ئەگەر پەیوەندییان پێوە بکات وەرزی داهاتوو لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەدا دەبێت و وەک یاریزانێکی کاریگەر پشتی پێدەبەسترێت.
 

میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ ماوەیەکی زۆرە بە نێتۆ سەرسامە، بەڵام پێناچێت ئەو راهێنەرە بتوانێت هەمان بەڵێنی مانچێستەر سیتی بە یاریزانەکە بدات، چونکە شوێنی یاریکردنی نێتۆ هێرشبەری باڵی راستە، ئەمەش ئەو شوێنەیە کە بوکایۆ ساکای ئەستێرەی یەکەمی ئارسیناڵ یاری لێدەکات.
 
سەرەڕای ئەوەش بەپێی هەواڵەکان، هەریەکە لە بێرناردۆ سیلڤا و روبن دیازی یاریزانانی مانچێستەر سیتی و هاونیشتیمانی نێتۆ، قسەیان لەگەڵ یاریزانەکە کردووە بۆ ئەوەی رازی بکەن بچێتە مانچێستەر، لە رابردووشدا ئەو یانەیە هەمان پلانی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی جێریمی دۆکو بگوازێتەوە، دوای ئەوەی دەرکەوت  هاوینی رابردوو کێڤن دی برۆینی هاونیشتیمانی یاریزانەکە قسەی لەگەڵدا کردووە و یەکێک بووە لەو هۆکارانەی وای لە دۆکو کردووە پەیوەندی بە یانە ئینگلیزییەکەوە بکات. 
 
نێتۆ بە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ دادەنرێت، ئەستێرە پۆرتوگالییەکە خاوەنی خێراییەکی زۆرە و بڕینی یاریزان یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی، یاریزانەکە توانی لەم وەرزەدا هەشت بەسەریەکەوە گۆڵ یان ئاسیست بکات، بەڵام دواتر بەهۆی پێکانەوە بۆ ماوەیەکی زۆر لە یانەکەی دابڕا، سەرەڕای ئەوەش بە حەوت ئاسیست، پلەی سێیەمی ئاسیستکارانی ئەم وەرزەی خولەکەی گرتووە.