24 کاژێری شێتانە بۆ ئۆنانا

رووداو دیجیتاڵ
 
ئاندرێ ئۆنانا، ئەستێرەی کامیرۆنی و گۆڵپارێزی یانەی مانچێستەر یونایتد 24 کاژێری شێتانە و پڕ لە رووداوی سەیری بەسەربرد و لە کۆتاییدا تەنیا ماندووبوون و تووڕەیی بۆ مایەوە.
 
ئۆنانا بەشداری لە یارییەکەی نێوان مانچێستەر یونایتد و تۆتێنهام کرد لە دوایین گەڕی یارییەکانی پرێمەرلیگ. دوای تەواوبوونی یارییەکە، بە خێرایی سواری فڕۆکە تایبەتەکەی بوو و بۆ کۆتدیڤوار بەڕێکەوت بۆ ئەوەی بەشداری لە یەکەم یاریی هەڵبژاردەکەی بکات بەرامبەر گینیا لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقیا، کە رۆژی دواتر بەڕێوەدەچوو. 
 
یارییەکە لە شاری یامۆسۆکرۆ بەڕێوەدەچوو، بەڵام بەهۆی خراپی کەشوهەوا ئۆنانا نەیتوانی راستەوخۆ بە ئەو شارە گەشت بکات، بۆیە سەرەتا چووە شاری ئابیدجان و دواتر نزیکەی 240 کیلۆمەتری بە ئۆتۆمبێل بڕی بۆ ئەوەی بگاتە یامۆسۆکرۆ. 
 
لە کۆتاییدا دوای ئەوەی بە فڕۆکە و بە ئۆتۆمبێل زیاتر لە 8000 کیلۆمەتری بڕی، ئۆنانا سێ کاژێر پێش دەستپێکردنی یارییەکە گەیشتە شوێنی مەبەست، کەچی دوای ئەو هەموو ماندووبوونە، گۆڵپارێزە کامیرۆنییەکە بۆی دەرکەوت کە ناوی لە لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی کامیرۆن نییە بۆ یارییەکە.
 
بەپێی هەواڵەکان، ئۆنانا بەوە زۆر تووڕە دەبێت و دەنگی بەسەر دەستەی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکەی بەرز دەکاتەوە و دەڵێت "ئەگەر من بەشداری یارییەکە ناکەم و بانگهێشتنەکراوم، بۆچی بە فرۆکەی تایبەت هاتوومەتە ئێرە؟"