مۆرینیۆ دوورخرایەوە و شوێنگرەوەکەی دیاریکرا

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی رۆمای ئیتاڵی جۆزێ مۆرینیۆی لە ئەرکی راهێنەرایەتیی یانەکە دوورخستەوە.
 
یانەی رۆما بە بارودۆخێکی خراپدا تێپەڕدەبێت و لەم وەرزەی خولی ئیتاڵیدا لە پلەی نۆیەم دێت، دوایین یاریی یانەکە بەرامبەر ئەیسی میلان بوو کە بە ئەنجامی 3-1 دۆڕا، ئەوەش سێیەمین شكستی یانەکە بوو لە پێنج یاریی رابردووی خولەکە. 
 
ئەمڕۆ سێ شەممە، 16-1-2024 یانەی رۆما راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دوورخستنەوەی مۆرینیۆی راگەیاند و دواتر لە پۆستێکدا سوپاسی ئەو راهێنەرە پۆرتوگالییەیان کرد بۆ ئەو ماوەیەی لەگەڵ یانەکەدا بووە. 
 
رۆژنامەڤانی بەنێوبانگی ئیتاڵی فابریزیۆ رۆمانۆ رایگەیاند کە دانیێلی دی رۆسی، راهێنەری ئیتاڵی و ئەستێرەی پێشووی یانەی رۆما بەربژێری یەکەمە بۆ شوێنگرتنەوەی مۆرینیۆ و وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە. 
 
مۆرینیۆ لە ساڵی 2021 پەیوەندی بە یانەی رۆماوە کرد و ماوەی دوو ساڵ و نیو لەگەڵ ئەو یانەیەدا مایەوە، لەو ماوەیەدا توانی نازناوی کۆنفرانس لیگ بەدەستبهێنێت و وەرزی رابردووش توانی یانەکەی بگەیێنێتە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ، کە لەو قۆناخەدا بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان بە یانەی سێڤییا دۆڕا.