چابیكوێنسی رۆناڵدینهۆ و ریكێلمی ناوێ


رووداوی وه‌رزشی ـ Samba
یانه‌ی چابیكوێنسی به‌رازیلی یاریكردنی هه‌ردوو ئه‌فسانه‌ی به‌رازیلی و ئه‌رجه‌نتینی، رۆناڵدینهۆ و ریكێلمی بۆ یانه‌ كۆست كه‌وتووه‌كه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌و به‌وه‌ تۆمه‌تباریان ده‌كات كه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێ كاره‌ساته‌كه‌ بۆ زیاتر ناوبانگ ده‌ركردن بقۆزنه‌وه‌.

دوای كوژرانی زۆربه‌ی یاریزانه‌كانی له‌ رووداوی كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ی، تیپه‌كه‌ بۆ یاری كۆتایی كۆپا سود ئه‌مریكانا به‌رامبه‌ر ئه‌تله‌تیكۆ ناسیونالی كۆلۆمبی ده‌گواسته‌وه‌. كارگێڕی یانه‌كه‌ ویستی خۆی بۆ پشتبه‌ستن به‌ یاریزانی گه‌نج نیشاندا، بۆ ئه‌وه‌ی تیپه‌كه‌ بنیات بنێته‌وه‌، رێزیشی بۆ ئه‌و ئه‌ستێره‌ گه‌ورانه‌ نیشان دا، كه‌ رایانگه‌یاند ئاماده‌ن له‌ وه‌رزی داهاتوودا یاری بۆ یانه‌كه‌ بكه‌ن. 

چه‌ند راپۆرتێكی رۆژنامه‌وانی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، رۆناڵدینهۆ كه‌ ئێستا یاری بۆ هیچ یانه‌یه‌ك ناكات، له‌گه‌ڵ ریكێلمی كه‌ چه‌ند مانگێكه‌ وازی له‌ یاریكردن هێناوه‌، ئاماده‌یی خۆیان نیشاندا، به‌ درێسی چابیكوێنسی یاری بكه‌ن، بۆ پشتیوانیكردنی یانه‌كه‌ له‌و مه‌ینه‌تیه‌یدا.

 بێجگه‌ له‌و دووانه‌ ئیدۆر گودیۆنسۆنی سكۆتله‌ندی، هێرشبه‌ری پێشووی بارسێلۆنا و چێڵسیش ویستی خۆی بۆ یاریكردن بۆ یانه‌ به‌رازیلییه‌كه‌ نیشان دا، هه‌روه‌ها چه‌ندین یانه‌ی به‌رازیلی له‌ته‌ك بێنفیكای پورتوگالی، ئاماده‌ییان نیشاندا وه‌ك یارمه‌تیدان،  به‌ خۆڕایی و به‌شێوه‌ی خواستن یاریزان بده‌نه‌ یانه‌كه‌.

 به‌ڵام ئه‌ندامێكی چابیكوێنسی به‌ رۆژنامه‌ی لاناسیۆنی ئه‌رجه‌نتینی راگه‌یاند "یاریزانی گه‌نجمان ده‌وێ، بیانه‌وێ له‌پێناوی یانه‌كه‌ تێبكۆشن، نه‌وه‌ك ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌، كه‌ ده‌یانه‌وێ ره‌وشی ناڵه‌باری تیپه‌كه‌ بۆ رێكلامكلادن بۆ خۆیان بقۆزنه‌وه‌". 

دوای ئه‌وه‌ی چابیكوێنسی به‌شێوه‌یه‌كی شه‌ره‌فى نازناوی جامی كۆپا سود ئه‌مریكانای به‌ده‌ستهێنا، راسته‌وخۆ له‌ وه‌رزی داهاتوو به‌شداری له‌ جامی لیبه‌رتادۆریسدا ده‌كات، كه‌ هاوتای چامپیۆنسلیگه‌ و براوه‌ی نازناوه‌كه‌ی ده‌گاته‌ مۆندیالی یانه‌كان، بۆیه‌ ده‌بێت له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا تیپێكی باش بنیات بنێت.