عێراقییەکان هێرشێکی تووند دەکەنە سەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی نەهاتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ بەغدا، هاندەرانی تۆپی پێ لەسەر ئاستی عێراق لە ئەستێرە و پۆرتوگالییەکە و یانەی نەسڕ تووڕەن و هێرشی دەکەنەسەر.
پەیجێکی عێراقی بەناوی عێراقی سپۆرت تۆک نووسیوویەتی "مامەڵەیەکی ناڕەوشتی یانەی نەسڕ و کریستیانۆ رۆناڵدۆیە، ئەمە لێدانێکی گەورەیە لە هەموو عێراق، عێراق لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە و هەڵوێستی یانەی نەسڕ لەبارەی نەهاتنی کریستیانۆوە بۆ بەغدا، پەڵەیەکی رەشە بەنێوچەوانی ئەو یانەیەوە."
هاندەرێک بەناوی فازڵ غەریب نووسیوویەتی "هۆکاری نەهاتنی رۆناڵدۆ کەناڵە ئاسمانییەکان کە هەموو ئەو جەنجاڵییەیان گواستەوە کە لەسەر کڕینی بلیتەکانی یارییەکە هەبوو."
کەسێک بە ئەکاونتی پیۆ دەڵێت "باشە، خەڵاتەکانی عەدنان درجالیش لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە."
هاندەرێکی دیکە لەو بارەیەوە نووسیوویەتی "کریستیانۆ بەدرێژایی ژیانی نەخۆش نەکەوتووە، خێرە بۆ عێراق نەخۆش دەکەوێت."
ئیحسان تاهیر، رۆژنامەڤانی وەرزشی لە رووداو نووسیوویەتی "دڵنیام کریستیانۆ دوای بینی ئەوەی دوێنێ لە عێراق روویدا، کە بەنیازبوون لەسەر بلیتەکانی یەکدی بکوژن، بڕیاری داوە نەیەتە ئەو وڵاتەی کە بەڕاستی ژیانی تێدا پارێزراو نابێت.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ کەسێکی ئاسایی نییە، یەکێکە لە بەنێوبانگترین کەسایەتییەکانی جیهان، هیچ ناچار نییە ئەو سەرکێشییە بکات. "