مێسی بەربژێری یەکەمی بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆر دیارییدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی کەریم بنزیما بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆری ئەمساڵ بەربژێر دەکات و دەڵێت " هیچ گومانێک نییە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە لەلایەن یاریزانەکەوە."

مێسی کە خاوەنی 7 باڵۆن دۆرە و لە دوای 17 ساڵ یەکەمجارە بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆر بەربژێر نەبێت لەلێدوانێکدا گوتی " بۆ ئەمساڵ هیچ گومانێک نییە، روونە کە بنزیما وەرزێکی نایابی بەڕێکردووە."
 
لیۆ زیاتر گوتی " بنزیما چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە، لە دوای قۆناخی 16ـەوە رۆڵێکی کارای بینی و لە هەموو یارییەکاندا، لە راستیدا بۆ ئەمساڵ هیچ گومانێک لەسەر خەڵاتەکە نییە."
 
ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە هێشتا گوتی " لەگەڵ ئامارە باشەکانی لە چامپیۆنزلیگدا، بەبێ هیچ گومانێک بنزیما باشترینی خولی ئیسپانیاش بوو لە وەرزی رابردوو."
 
کەریم بنزیما وەرزی رابردوو نازناوەکانی لالیگا و چامپیۆنزلیگی لەگەڵ یانەکە بردەوە و بووە گۆڵکاری هەردوو خول و پاڵەوانێتییەکە و بەو هۆیەشەوە بەربژێری یەکەمە بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا.