گواردیۆلا بۆ گەیشتن بە رکابەری یانەی پێشووی دەیەوێت لیۆن ببڕێت


رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو دوایین یاریی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی و لیۆنی فەرەنسی رووبەڕووی یەکدەبنەوە.

یارییەکە کاژێر 22:00 لەسەر یاریگەی خۆسێ ئالڤالادێ لە لێشبۆنای پۆرتوگال بەڕێوەدەچێت، گواردیۆلا دوای کردنە دەرەوەی یانەی ریال مەدرید دەیەوێت بەسەر پشتی فەرەنسییەکان بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی، بەڵام دەبێت ئەوەشی لەبیر بێت ئەو یانەیەی رکابەری دەکات، یوڤێنتوسی پاڵەوانی ئیتالیای لە قۆناخی رابردوودا کردووەتە دەرەوە.

مانچێستەر سیتی و لیۆن دووجار بەرامبەر یەکدی یارییانکردووە، جارێک هەردوو یانە یەکسانبوون و یارییەکەی دیکەش لە بەرژەوەندی یانە فەرەنسییەکە کۆتاییهاتووە.

لە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکەدا، براوەی ئەم یارییە بەرامبەر یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی یارییدەکات، کە رۆژی 19ـی ئەم مانگە یارییەکە بەڕێوەدەچێت.

مانچێستەر سیتی لە دوایین 17 یارییدا لە چامپیۆنزلیگدا تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە، 13 بردنەوە و 3 یەکسانبوونی هەبووە، ئەو دۆڕانەشی لە وەرزی رابردوودا بوو بەرامبەر یانەی تۆتێنهام، دوای ئەو یارییە سیتی 9 یارییکردووە 7 بردنەوە و 2 یەکسانبوونی هەبووە.

لیۆن لە دوایین 4 یارییدا بەرامبەر یانە ئینگلیزییەکان لە چامپیۆنزلیگدا نەدۆڕاوە، دوو بردنەوە و دوو یەکسانبوونی هەبووە، دوایین بردنەوە و یەکسانبوونیشی، لە وەرزی رابردوودا بوو بەرامبەر مانچێستەر سیتی.