مورای بەرگریی لە میدالیای زێڕ کرد


رووداو - هەولێر

ئاندی مورای، تێنسزانی بەریتانی سەرکەوتنی بەسەر خوان مارتن دێل پۆترۆی ئەرجەنتینی تۆمارکرد و بەرگریی لە میدالیای زێڕی ئۆڵیمپیاد کرد.

لە یاری کۆتایی ئۆڵیمپیادی ریۆ دی جانیرۆی 2016 و لە یاری تێنسی تاکی سەر ئاستی کوڕان هەردوو تێنسزانەکە رووبەڕووی یەکبوونەوە و ئاندی مورای توانیی یارییەکە بە سێ کۆمەڵە بەرامبەر کۆمەڵەیەک بباتەوە و بووە یەکەم یاریزانی تێنس بتوانێت دوو ئۆڵیمپیاد لەسەریەک میدالیای زێڕ بباتەوە.



سەرەتا مورای کۆمەڵەی یەکەمی بە حەوت پێنج بە زەحمەت بردەوە، بەڵام هەرزوو تێنسزانە ئەرجەنتینییەکە بە شەش چوار ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، دوای ئەوە ئاندی مورای ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و دوو کۆمەڵەی لەسەریەکی بە شەش دوو و حەوت پێنج بردەوە و بەچاوی پڕ فرمێسکەوە میدالیای زێڕی ئۆڵیمپیادی جارێکی دیکە لە مل کردەوە.



میدالیای زیۆی رکابەرییەکە بەر خوان مارتن دێل پۆترۆ کەوت و کی نیشیکۆری ژاپۆنیش دوای بردنەوەی لە رافایێل نادالی ئیسپانی بە دوو کۆمەڵە بەرامبەر کۆمەڵەیەک میدالیای برۆنزی بەدەستهێنا.