ڤیدیۆ؛ مانچینی: دەمانەوێت نەیشنسلیگ ببەینەوە

رووداو دیجیتاڵ

رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، رایگەیاند کە ئەوان نەک بۆ بردنەوە لە ئیسپانیا یاری دەکەن، بەڵکو بۆ بردنەوەی نازناوی نەیشنسلیگ یاری دەکەن. گوتیشی "ئێمە بە یاریزانی گەنج یاری دەکەین، بۆیە گەیشتن بەم قۆناخە دەستکەوتێکی ئەرێنییە".
 
ئەمشەو لە دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی نەیشنسلیگدا، هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئیتاڵیا لە  هۆڵەندا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە. یارییەکە کاژێر 21:45 بە کاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، کە براوەکەی بەرامبەر هەڵبژاردەی کرواتیا یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە دەکات.
 
رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "ئێمە بۆ بردنەوەی نازناوی نەیشنسلیگ یاری دەکەین، زۆر باش دەبێت ئەگەر جامی پاڵەوانێتییەکە ببەینەوە".
 
ئەو زیاتر گوتی "بۆ دووەمجارە دەگەینە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە. ئەمە شتێکە ناتوانیت بە کەم سەیری بکەیت بەهۆی ئەو کۆمەڵە یاریزانەی بەردەستمانن، چونکە ئێمە رووبەڕووی ئەو یاریزان و تیپانە بووینەتەوە کە ئەزموونی زیاتریان هەبووە. ئێمە بە کۆمەڵێک یاریزانی گەنج یاریمان کردووە، بۆیە یاریکردن لەم قۆناخەدا شتێکی زۆر ئەرێنییە". 
 
رۆبێرتۆ مانشینی، لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتیشی "بۆ ئێمە گرنگ دەبێت ئەگەر سەرکەوتووبین لە بردنەوەی نازناوی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا".