دی لا فوێنتێ: بە باشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیتاڵیا ئامادەین

رووداو دیجیتاڵ

 

لویس دی لا فوێنتێ، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، رایگەیاند کە خۆی و هەڵبژاردەکەی بە باشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا ئامادەن. گوتیشی "لە چەند رۆژی رابردوودا بە شێوەیەکی ناوازە کارمان بۆ ئەم یارییە کردووە"
 
ئەمشەو لە دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی نەیشنسلیگدا، هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئیتاڵیا لە  هۆڵەندا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە. یارییەکە کاژێر 21:45 بە کاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، کە براوەکەی بەرامبەر هەڵبژاردەی کرواتیا یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە دەکات.
 
لویس دی لا فوێنتێ، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "ئەوەی لێرەوە رکابەری لەسەری دەکەین نازناوێکە، بۆنەیەکی مێژووییە بۆ بردنەوەی نازناوەکە لە دوو یارییدا، ئەمجارە یاریی پێش کۆتاییمان هەیە بەرامبەر ئیتاڵیا، کە من دڵنیام بە باشی ئامادەین. لە چەند رۆژی رابردوودا بە شێوەیەکی ناوازە کارمان کردووە".  
 
راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، سەبارەت بە رۆدری و لاپۆرت، گوتی "ئەوان راهێنانیان کردووە، دواتر دەبینین چۆن دەبێت. هەموو شتێک لەسەر ئامادەیی ئەوان دەوەستێت. ئەوان زۆر پاڵنەریان هەیە بۆ ئەوەی یاری بکەن، بەتایبەتی دوای بردنەوەی سیانە لەگەڵ مان سیتی. ئەوە هەمیشە پاڵنەرە".  
 
لویس دی لا فوێنتێ، لە کۆتاییدا گوتیشی "ئێمە هەموومان پیشەگەرین و بەڕاستی دڵخۆشم بە شێوازی کارکردنمان. پاش دوایین یەکەی مەشقی هەمووان هەڵدەسەنگێنینەوە و دەبینین. بەڕاستی من ئارامم و بە تەواوی دڵنیام کە ئامادەین بۆ یارییەکە".