ئاکرێ لەبەردەم نووسینەوەی مێژوویەکی گەورەدا


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ رکابەرییەکانی خولی یانە نایابەکانی کوردستان کۆتاییدێن، هەموو هاوکێشەکان یەکلادەکرێنەوە و پاڵەوانی وەرزی 2023-2024ـی خولی دەردەکەوێت و دوو یانەش بۆ خولی پلە یەکی کوردستان دادەبەزن.
 
ئەم وەرزەی خولی یانە نایابەکانی کوردستان، وەرزێکی پڕ رکابەری و بەهێز بوو، تاوەکو دوایین گەڕ یەکلانەبووەتە کێ دەبێتە پاڵەوانی وەرزەکە؟ ئەمڕۆ کە یارییەکانی دوایین گەڕ بەڕێوەدەچن، سێ یانە رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی خولەکە دەکەن و پێنج یانەش لە پلەکانی دواوەی ریزبەندی خولەکە شەڕی مانەوە لە خولەکەدا دەکەن کە دووانیان دەبێت دابەزن.
 
یانەی ئاکرێ لەبەردەم هەلی بردنەوەی یەکەم نازناوی خولەکەدا
 
یانەی ئاکرێ ئەمڕۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی چوارقوڕنە یاریی دەکات، ئاکرێ لەبەردەم هەلێکی گەورە و لەبیرنەکراودایە بۆ بردنەوەی نازناوی خولی یانە نایابەکانی کوردستان بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا.
 
ئاکرێ بەر لەم یارییە لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە و خاوەنی 49 خاڵە، یانەکە بۆ بردنەوەی نازناوی خولی کوردستان، دوو بژاردەیەی لەبەردەمە.
 
یەکەم؛ ئەگەر یانەی ئاکرێ یارییەکە لە چوارقوڕنە بباتەوە، بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجامی یارییەکانی دیکە یانەکە دەبێتە پاڵەوانی کوردستان و نازناوی خولەکە بەدەستدەهێنێت.
 
دووەم؛ ئەگەر ئاکرێ بدۆڕێت یان یەکسانبێت، پێویستە یاریی نێوان هەردوو یانەی شێروانە و پێشمەرگەی هەولێر بەیەکسانبوون کۆتاییبێت، بۆ ئەوەی ئاکرەییەکان نازناوەکە ببەنەوە.

 
ئەگەری دەرکەوتنی پاڵەوانێکی دیکە
 
هەردوو یانەی پێشمەرگەی هەولێر خاوەنی پلەی دووەمی ریزبەندی خولی نایابی کوردستان و شێروانەی سێیەم، هەلی بردنەوەی نازناوی خولەکەیان هەیە و رکابەری ئاکرێ دەکەن بۆ بردنەوەی ئەو نازناوە، بەڵام بۆ ئەوەی یەکێک لەم دوو یانەیە نازناوەکە بباتەوە، پێویستیان بەبردنەوە و دۆڕانی ئاکرێیە، یانیش ئەگەر ئاکرێ لە یارییەکەی بەرامبەر چوارقوڕنە یەکسانبێت، پێشمەرگەی هەولێر لە شێروانە بباتەوە، تیپەکەی سەمیر بابۆ دەبێتە پاڵەوانی خولی کوردستان.
 
شێروانە بۆ بردنەوەی نازناوی خولەکە، پێویستیی بە دۆڕان یان یەکسانبوونی ئاکرێیە و دەبێت ئەوانیش یارییەکەیان لە پێشمەرگەی هەولێر ببەنەوە.

 

 
رکابەریی مانەوە لە خولەکەدا گەرمە
 
لە پلەکانی دواوەی ریزبەندی خولی یانە نایابەکانی کوردستاندا، رکابەرییەکی بەهێز لەسەر مانەوە لە خولەکەدا هەیە و پێنج یانە لە رکابەریدان.
 
یانەی سۆران لە پلەی کۆتایی ریزبەندی خولەکەیە و خاوەنی 30 خاڵە، ئەمڕۆ بەرامبەر شەقڵاوە یاریی لووتکە بۆ مانەوە دەکەن، لەکاتێکدا شەقڵاوە 33 خاڵی هەیە و لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندە.
 
یانەی دهۆکی خاوەنی پلەی پازدەیەم بە کۆکردنەوەی 33 خاڵ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی هەندرێن یاریی دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر مانەوە لە خولەکەدا.
 
یانەی ئارارات لە پلەی سێزدەیەمی ریزبەندی خولی کوردستانە و ئەوانیش خاوەنی 33 خاڵن، ئەمڕۆ لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر هەولێر یاریی دەکات، بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر مانەوە لە خولی نایابدا بکات.
 
یانەی برایەتی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر سیروانی نوێ یاریی دەکات، برایەتی خاوەنی 33 خاڵە و ئەوانیش لە رکابەریدان بۆ مانەوە لە خولەکەدا، بەڵام بردنەوەی ئەوان لە سیروانی نوێ یانەکە لە خولی نایابی کوردستاندا دەهێڵێتەوە.
 
گۆڵکارانی خولی نایابی کوردستان
 
لەم وەرزەی خولی یانە نایابەکانی کوردستاندا، رکابەرییەکی بەهێز لەسەر بردنەوەی خەڵاتی گۆڵکاری خولەکە هەیە، دانا کامەران، ئەستێرەی لاوی یانەی پێشمەرگەی هەولێر بە تۆمارکردنی 18 گۆڵ لە پێشەنگی ریزبەندی خولی کوردستانە و ئەمڕۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان دەیەوێت هاوکاریی یانەکە بکات بۆ هێشتنەوەی هەلی رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی خولەکە.
 
یادگار ئیبراهیم، ئەستێرەی یانەی سەیدسادق، 15 گۆڵی لەم وەرزەی خولی نایابی کورسدتاندا کردووە و لە پلەی دووەمی گۆڵکارانی خولەکەیە.
 
رێزدا وەلی، یاریزانی یانەی سۆران، سەرەڕای ئەوەی یانەکەی لە پلەی کۆتایی ریزبەندی خولی کوردستانە، 13 گۆڵی تۆمارکردووە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی گۆڵکارانی خولەکەیە.
 

 

رووداوە سەرنجڕاکێشەکەی خولی نایابی کوردستان
 
ئەوەی بۆ هەمووان لە دوایین گەڕی خولی نایابی کوردستاندا سەرنجڕاکێش دەبێت، دەرکەوتنی دوو ئەستێرەی کوردە، کە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق و خولی یانە نایابەکانی عێراق یاریی دەکات.
 
لە ریزەکانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر، ئاکام هاشم، یاریزانی یانەی هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، ئەمڕۆ لە دوایین گەڕی خولی کوردستان، یاری بۆ پێشمەرگەی هەولێر دەکات، ئاکام هاشم، لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت "لە سەرەتای وەرزەوە ناوم لە لیستی یاریزانانی پێشمەرگەی هەولێر هەبووە و دەمەوێت لەگەڵ یانەکە نازناوی خولەکە ببەینەوە."
 
لە یانەی ئاکرێ، هاوشێوەی یانەی پێشمەرگەی هەولێر، یاریزانێک دەبینرێت، کە ئەم وەرزە یاریی بۆ یانەکە نەکردووە، بەڵام ناوی لە لیستی یاریزانانی یانەکەدا هەبووە، ئەویش شەعبان مەحموود، ئەستێرەی کوردی یانەی پێشمەرگەی سلێمانییە، کە لە خولی یانە نایابەکانی عێراق یاری بۆ ئەو یانەیە دەکات.