ئەو چەکانەی لیڤەرپوول کە ریال مەدریدیان تۆقاندووە


رووداو دیجیتاڵ

یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، پێویستی بە پێشاندانی ئاستێکی نایاب لە دژی ریال مەدریدی ئیسپانی هەیە لەپێناو پەڕینەوە بۆ قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ.
 
لیڤەرپوول لە یاریی چوون لە نێو یاریگەی خۆی بە پێنج گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ دۆڕاندووە.. ئەمە وا دەکات رێدز پێویستیان بە موجیزەیەک هەبێت و بە جیاوازیی لانیکەمی سێ گۆڵ لە ریال مەدرید بباتەوە و بەوەش یارییەکە بباتە کاتی زیادکراو.
 
هەرچەندە ئەرکەکەی لیڤەرپوول بەرامبەر ریال مەدرید بە ئەستەم دێتە بەرچاو، بەڵام بردنەوەی گەورەی لیڤەر لە مانچێستەر یونایتد بە حەوت گۆڵی بێبەرامبەر لە کلاسیکۆی ئینگلتەرادا، وایکرد ئومێد بۆ یاریزانەکانی یۆرگن کلۆپ بگەڕێتەوە لەوەی بتوانن هەمان کار بەرامبەر ریال مەدریدیش ئەنجام بدەن.
 
لە یارییەکەی مانچێستەر یونایتددا، کڵۆپ پشتی بە سیانەی هێڵی ناوەڕاست، هێرڤی ئیلیۆت، فابینیۆ و جۆردان هێندرسۆن بەست و فابینیۆی بەرازیلی، یەکێک لە باشترین یارییەکانی خۆی لە ماوەی رابردوودا ئەنجامدا و توانی خاڵی چوونی تیپەکە بێت بۆ پێشەوە، بە ئاراستەی گۆڵی بەرامبەر.
 
لە هەمان یاریدا، ئیلیۆت لە کاتی چوونە پێشەوەی فابینیۆدا، بەرپرسیارێتی رووماڵکردنی ناوچەی بۆشایی ئەو یاریزانەی لە ئەستۆ گرت و ئەوەش وایکرد ئەرکی فابینیۆ لە چوونە پێشەوەدا ئاسانتر بێت.
 
هەرچەندە ریال مەدرید، ژمارەیەک یاریزانی بەهرەمەند و یاریزانی قاڵی لە هێڵی ناوەڕاستیدا هەیە، وەک تۆنی کرووس، لۆکا مۆدریچ، هەروەها پێگەیشتووانی وەک ئۆرلیێن چوامینی و ئێدواردۆ کاماڤینگا و لەم کاتەشدا ئاڵوگۆڕی بەردەوام هەیە کە کارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی لە تیپەکەیدا لە یارییەکەوە بۆ یارییەکی دیکە دەکات و ئەوەش هەندێک کێشەی تەکتیکی بۆ تیپەکە دروستدەکات.
 
یارییەکە یاری کاریگەریی هێڵی ناوەڕاستی هەردوو تیپ دەبێت. ئیلیۆت لە یارییەکەی مانچێستەر یونایتددا بەردەوام بەهۆی توانای جەستەییەوە بەهێزەوە دەردەکەوت و گوشاری دەخستە سەر یاریزانانی تیپی بەرامبەر. ئەو چەکە ئەگەر ئەمشەو دووبارە ببێتەوە بەرامبەر ریال مەدرید، ئەگەر زۆرە لیڤەرپوول یارییەکە بگەیەنێتە کاتی زیادکراو.
 
ئەو ئاستەی محەممەد سەڵاح بەرامبەر مانچێستەر یونایتد پێشکێشی کرد، هۆکارێکی دیکە دەبێت کە دەکرێ لیڤەرپوول پشتی پێببەستێت بۆ بەدەستهێنانی ویستە ئەستەمەکە دژ بە ریال مەدرید.
 
سەڵاح سەرکەوتوو بوو لە پێشاندانی ئاستێکی زۆر باشتر لە یارییەکانی پێشووی لە وەرزی ئەمساڵدا، توانی دوو گۆڵ تۆمار بکات و دوو گۆڵیش دروست بکات، ئەمە جیا لە پێشاندانی ئاستی تاکەکەسی لە سەرئێشە دروستکردن بۆ بەرگریکەرانی یونایتد.
 
سەڵاح سەرکەوتوو بوو لە کۆتایی پێهێنانی هێرشەکان بەخێرایی و بڕیاردانی دروست و تۆپ ناردنی خێرا.
 
لە یاریی چووندا بەرامبەر ریال مەدرید، سەڵاح یاریزانێکی کاریگەر بوو لەسەرەتای یارییەکەوە، ئەسیستێکی کرد و گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام ئەو باڵادەستیەیی لیڤەر زۆری نەخایاند و ریال مەدرید یاریگەی بەسەردا قڵپ کردەوە.
 
داروین نونێز، یەکێکی دیکە دەبێت لە چەکە کاریگەرەکانی لیڤەرپوول لە یارییەکەدا کە دەتوانێ هاوکێشەکە بگۆڕێت. نونێز لە ماوەی رابردوودا گونجانی لەگەڵ ستایلی پرێمەرلیگ و دۆزینەوەی گۆڵدا پێشانداوە. ئەو یەکەم یاریزان بوو کە لە یاریی چووندا گۆڵی لە ریال مەدرید تۆمارکرد، ئەمە جیا لە دوو گۆڵ بەرامبەر مانچێستەر یونایتد.
 
نونێز کە یەکەم وەرزی یاریکردنیەتی لەگەڵ لیڤەرپوول، توانی متمانەی خۆی بە ئاستی خۆی بەدەست بهێنێتەوە، پاشئەوەی لە دوای هاتنیەوە بۆ لیڤەرپوول لە هاوینی رابردوودا لەدەستیدابوو.
 
پێکەوە گونجان و هاوئاهەنگی و لێکتێگەیشتن لە نێوان نونێز و سەڵاح، لە ماوەی رابردوودا بەرهەمی بەدەستەوەداوە، بەتایبەت کە سەڵاح بەردەوام پشتگیری ئەو یاریزانە ئۆرۆگواییەی کردووە و پێشبینی درەوشانەوەی کردووە.
 
لیڤەرپوول گەرچی بەر لە یارییەکەی ریال، بەرامبەر بۆرنمۆس لە پرێمەرلیگ دۆڕاوە، بەڵام لەبەرئەوەی لە وەرزی ئەمساڵدا هیچ نازناوێکی بەردەست لەبەردەم ئەو یانەیەدا نەماوە، دەکرێ ئەوە هۆکارێکی باش بێت بۆ بردنەوەی یارییەکە.
 
لیڤەرپوول پێویستی بەمتمانەبەخۆبوون و دەرچوون لە بیرکردنەوەیە لە ئەنجامی یاریی چوون. ویستی کارکردن بۆ دەستبەتاڵ دەرنەچوون لە وەرزەکەدا، وا دەکات ئەو یانەیە و یاریزانەکانی باشترین ئاست و توانای خۆیان پێشان بدەن، بۆ ئەوەی لە وەرزی ئەمساڵدا بەزیندوویی بمێننەوە.