ریال مەدرید.. بۆ بەرگرتن بە ئەگەری ریمۆنتادای لیڤەرپوول


رووداو دیجیتاڵ

لە نێو دڵنیابوون لە سەرکەوتن لە یاری چوون بە پێنج گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ و دووپاتکردنەوەی ئەو دێڕەدا کە دەڵێ ریال مەدرید وازی لە خوی ریمۆنتادا نەهێناوە.. لە نێو دڵخۆشیشدا بەوەی کە کەریم بنزیما گەڕاوەتەوە و بەئاسایی مەشقی کردووە و هەمووانیش لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئامادە دەبن.. ریال مەدرید خۆی بۆ پەڕینەوە بەرەو قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ ئامادە دەکات.
 
دیمەنەکە بۆ یانەی شاهانە، تەنیا گەشبینی و دڵخۆشیی نییە، هەڕەشەکانی لیڤەرپوول و رووبەڕووبوونەوەی ریمۆنتاداچییەک کە لیڤەرپوولە و ترس لەو ماوەی درەوشانەوەیەی ئێستا لیڤەر تێیدا دەژی و ئەو ناسەقامگیرییەی لە ئەنجامەکانی ریال مەدرید لە ماوەی رابردوودا هەن.. وا دەکەن مەدریدییەکان کەمێک لە کێرڤی دڵنیاییان بۆ یارییەکە بێتە خوارەوە.
 
ریال مەدرید لە دوای هەواڵی ئامادەیی بنزیماوە، هیواخوازە ئەو هێرشبەرە قاڵەی یانەکە، لەوپەڕی توانای جەستەیی خۆیدا بێت بۆ ئەوەی خاڵی سەرەتای سەرئێشە بێت بۆ لیڤەرپوول و لانیکەم بەشێک لە سیناریۆی یاری چوون دووبارە بکاتەوە کاتێک دوو گۆڵی تۆمار کرد.
 
بنزیمە ئەمساڵ هاوشێوەی وەرزی رابردوو نییە. ئەو ئەستێرەیە چەند جارێک ئەمساڵ تووشی پێکان بووە و بەهۆیەوە ماوەی بەرچاو لە پێکهاتەکەی کارلۆ ئەنچیلۆتی دابڕاوە. گەرچی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە نائامادەیی بنزیمادا بوونی خۆی سەلماندووە و لەکۆڵنانی تیپەکەی قبووڵکردووە، بەڵام ئامادەیی کەریم، سەرچاوەکانی هێزی مەدرید فرەتر و زێدەتر دەکات.
 
لیڤەرپوول، گەرچی بەر لە هەفتەیەک بە حەوتینەیەکی مێژوویی شکستی بە مانچێستەر یونایتد هێنا و هەمووان گوتیان تەواو ئیدی رێدز لە گێژاوی ئەنجامە خراپەکان هاتوونەتە دەرەوە، بەڵام شکستی لەناکاوی یانەکە بەرامبەر بۆرنمۆس لە پرێمەرلیگ، جارێکی دیکە گومانی لە تواناکانی ئەمساڵی یانەکە لەبەرامبەر نازناوەکاندا دروستکردەوە.
 
تاکە نازناوێک ئەمساڵ بۆ لیڤەرپوول کە لەبەردەستدا مابێتەوە، نازناوی چامپیۆنزلیگە، بەڵام پێناچێ ئەرکەکەی لیڤەر لە یارییەکەی ئەمشەودا ئاسان بێت، چونکە ئەو تیپە کە لە یاری چووندا لە ماوەی تەنیا پانزە خولەکدا بە دوو گۆڵ پێشکەوت، نەیتوانی رێ بە هەڵسانەوە و ریمۆنتادای ریال بگرێت و لە کۆتاییدا بە دۆڕانێکی قورس، خۆی بەدەستەوە دا.
 
ئەوەی بۆ لیڤەرپوول جێگەی ئومێدە، متمانەبەخۆبوونی تیپەکەیە لەوەی کە لە دۆخ و کاتی هەستیاردا پێشتر بەرامبەر بەبەختی خۆی راپەڕیووە. لیڤەرپوول دەیەوێت ئەمشەو بەشێک لە سیناریۆی یاری چوون دووبارە بکاتەوە و هەر زوو پێش بکەوێت، بەڵام ئەرکە قورسەکە لەو دۆخەدایە کە پاش پێشکەوتنی لیڤەرپوول لە ئەنجامی یارییەکەدا دێتە پێشەوە و پێیدەگووترێت، کاتی ریمۆنتادای ریال مەدرید.