ئەمڕۆی چامپیۆنزلیگ.. ئایاکس و بێنفیکا یاریی مانەوە لەگەڵ گەورەکان ئەنجام دەدەن

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەو دوو یانەیەی تاوەکو ئێستا لە چامپیۆنزلیگدا باشیان هێناوە، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شانزدەدا یارییەکی یەکلاکەرەوە دەکەن، کە ناونیشانەکەی گەیشتنە بە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ و بەردەوام بوونە لە پاڵەونێتییە گەورەکەی ئەوروپادا.
 
ئەوەی ئەم یارییە بباتەوە، کە لەسەر یاریگەی یۆهان کرۆیف ئارێنا بەڕێوەدەچێت، دەبێتە یانەیەکی هەزار حساب بۆ کراو لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا، چۆن نا؟ کە دەبێتە یەکێک لە باشترین هەشت یانەی کیشوەرەکە.
 
سەرکەوتن لەم یارییە بۆ بێنفیکا، کە لەسەر یاریگەی خۆیدا بە ئەنجامی 2-2 لەگەڵ ئایاکس یەکسانبووە، خەونێکی گەورەیە، کە ماوەیەکی زۆرە نەیتوانیوە بێنێتەدی، بەدیاریکراوی لە وەرزی 2015-2016ـەوە ئەو یانەیە نەیتوانیوە خۆی بگەینێتە نێو هەشت یانە گەورەکەی ئەوروپا، لە کاتێکدا ئایاکس لەسەر ئەوە راهاتووە بگاتە ئەم قۆناخە، تەنانەت ساڵی 2019 زۆر نزیکبوو بگاتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
لەگەڵ ئەوەشدا بردنەوەی ئەم یارییە بۆ هۆڵەندییەکان مانەیەکی تایبەتی هەیە، کە ئەوان ئەمساڵ زۆر دڵیان بە ئایاکس خۆشە و پێیانوایە هیچی لە تیپەکەی 2019 کەمتر نییە، لەبەرئەوە بە مافی خۆیانی دەزانن کە خەون بە شتی گەورەتر لە قۆناخی هەشت ببینن.
 
وادیارە لەسەر کاخەز ئایاکس باشترە، بەپێی ئەو ئاستە بەرزەی ئەمساڵ لە قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدا پێشکێشی کردووە، هەروەها بەهۆی ئەو هێڵی هێرشبردنە ئاگرینەی ئێستا هەیەتی، کە لەم وەرزەدا لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا زیاتر لە 100 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
لە بەرامبەردا بێنفیکاش، کە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بووە هۆکاری دەرکردنی بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگ و ناردنی بۆ یۆرۆپالیگ، هەموو ئەو سیفەتانەی هەیە کە بتوانێت ببێتە رکابەرێکی بەهێز و شەڕانگێز بۆ ئایاکس، بەتایبەتیش کە لە لایەن راهێنەرێکی عاقڵ و بەتوانای وەک نێلسۆن ڤێریسیمۆوە سەرپەرشتی دەکرێت.
 
هەرچۆنێک بێت سەرەڕای هەموو ئەمانە یاریی ئایاکس و بێنفیکا هەر بە بچووکترین یاریی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ دەمێنێتەوە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە هەموو رووبەڕووبوونەوەکانی دیکەدا لایەنێک یان پێشتر بووەتە پاڵيوانی چامپیۆنزلیگ، یان ئێستا بەربژێرێکی بەهێزە بۆ بردنەوەی نازناوەکە.