ڤیدیۆ؛ چەند دزێک بە چەکەوە دەچنە سەر ماڵی دیماریا

رووداو دیجیتال

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە فەرەنسا، وردەکاریی دزیکردن لە ماڵی ئانخێل دیماریای یاریزانی ئەرجەنتینی یانەی پاریس سانجێرمانیان ئاشکراکرد.

رۆژنامەکانی فەرەنسا باس لەوە دەکەن کە ئەوکاتەی دیماریا بەشداری لە یاری یانەکەی بەرامبەر نانت دەکرد، چەند دزێک بە چەکەوە چوونەتە سەر ماڵی و دزییان لێکردووە و دەڵێن "هاوژینی دیماریا و منداڵەکانی لە ماڵەوە بوونە، بەڵام لە کاتی دزیکردندا هیچ شتێکیان نەبیستووە.

ئەو رۆژنامانە دەڵێن "دزەکان هەموو ئەو شتانەیان بردووە کە لە خەزێنەکەی نهۆمی سەرەوەی ماڵەکەدا بووە، کە بۆ پرۆسەکە یەکەیەکی دزیی تایبەتمەند بە ناونیشانی ماڵی یاریزانە ئەرجەنتینیەکە بەکارهێنراوە".

دیماریا یاری یانەکەی بەرامبەر نانت له خولی فەرەنسادا تەواو نەکرد، کە دوای ئەوەی لیۆناردۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی پاریسی بە تەلەفۆن لە رووداوەکە ئاگادارکرایەوە، ئەو ماوریسیۆ پۆچێتینۆی لەوە ئاگادارکردەوە کە پێویستە دیماریا گۆڕانکاری پێبکات، لەبەرئەوەی پرسەکە مەترسیدارە، دوای دەرچوونی لە یاریگەدا پۆچێتینۆ هەواڵەکەی بە دیماریا راگەیاند و راستەوخۆ گەڕایەوە ماڵەوە.

رۆژنامەکانی نزیک لە پاریس سانجێرمان، وردەکاریی زیاتریان لەبارەی رووداوەکەی ماڵی دیماریای یاریزانی تیپەکەوە ئاشکراکردووە و دووپاتیدەکەنەوە کە دیماریا کاتێک لە یاریگا چووەتە دەرەوە گریاوە.

بەپێی سەرچاوەکانی پۆلیس، ئەو دزانە کاتێک خەریکی دزی بوونە، خێزانی ئەو یاریزانە لە ماڵەوە بوون، بەڵام هیچ شتێکیان نەبیستووە.

ئەمە یەکەمجار نییە یاریزانە ئەرجەنتینییەکە دزی لێدەکرێت، ئەو کاتێک یاریزانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزیش بوو، لە مانگی شوباتی 2015 دز چوونە سەر ماڵی و تاڵانیان کرد، کە ئەوکاتیش دیماریا لە یارییەکی مانچێستەر یونایتددا بەشداری دەکرد.

هەر ئەو رووداوە پڕ لە ئازارە یەکێکبوو لە هۆکارەکانی دوورکەوتنەوەی دیماریا لە ئینگلتەرا، کە ئەوکات گوتی "لەو ساتەوە مانەوە لەوێ رەوا نەبوو، خێزانەکەم سەلامەت بوون، بەڵام کچەکەم لە ئازاردا بوو، بۆیە گرنگترین شت ئەوەیە لێرە بڕۆین".

وەک بیرخستنەوەیەک ماورۆ ئیکاردی ئەرجەنتینیش، کە یەکێکە لە هاوتیپەکانی دیماریا، پێشتر لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا دزی لە ماڵی کرا.

پاریس سانجێرمان تاوەکو ئێستا هیچ بڵاوکراوەیەکی فەرمی لەبارەی ئەو رووداوەوە دەرنەکردووە، بەڵام دوای یارییەکە، کە پاریس سانجێرمان 1 - 2 دۆڕا، پۆچێتینۆی راهێنەر گوتی "لەم یارییەدا هەندێ رووداوی دیکەی گرنگتر لە تۆپی پێ روویاندا، دەبێت لەبەرچاویان بگرین".

هەروەها گوتیشی "ئەمە بەهانە نییە، بەڵام لە راستیدا وزە کەمبووەوە، هەر بۆیەش لە کۆتایی یارییەکەدا لەگەڵ یاریزاناندا باسی شتێکی دیکەمان کردووە نەک شکست".