بارسا دوای بردنەوە مێژووییەکەی لە ریال مەدرید دەڵێت ریال بێتیسم بۆ بێنن
رووداو دیجیتاڵ
دوای بردنەوەی نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا و بەدەستهێنانی نازناوەکە بەرامبەر یانەی ریال مەدرید، کە سەرکەوتنێکی مێژووی بەدەستهێنا، یانەی بارسێلۆنا لە جامی شای ئیسپانیادا یارییەکی لووتکە دەکات و رووبەڕووی یانەی ریال بێتیس دەبێتەوە.
لە قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکەدا، یانەی بارسێلۆنا، دوای چەند رۆژێک لە بردنەوەی جامی سوپەری ئیسپانیا، میوانداریی یانەی ریال بێتیس دەکات و براوەی یارییەکە راستەوخۆ دەگاتە قۆناخی هەشت.
یارییەکە بۆ هەردوو تیپ زەحمەت دەبێت، بەو پێیەی یەک یارییە و دۆڕاو دەکرێتە دەرەوە، بۆیە بارسێلۆنا دەیەوێت بەتەواوی پێکهاتەکەیەوە بەشداری لە یارییەکەدا بکات.
ئینیگۆ مارتینێز، بەرگریکاری بلاوگرانا بەهۆی ئەو پێکانەی لە جامی سوپەردا تووشی بوو بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، بەڵام ئاراوخۆ ئامادەیە و دەتوانێت وەک کاپتنی تیپەکە هێڵی بەرگری یانەکەی بەهێزتر بکات.
بارسێلۆنا لە 2021ـەوە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 7 یاریی بەرامبەر ریال بێتیس کردووە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، ئەمشەو دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات بەرامبەر ئەو یانەیە و خۆی بگەیێنێتە قۆناخی داهاتووی رکابەرییەکە.
هاندەرانی یانەی کەتەلۆنی هێشتا چێژ لە سەرکەوتنە مێژوویی و گەورەکەیان لە ریال مەدریدی رکابەری هەمیشەییان وەردەگرن و لە رێگەی سۆشیال میدیا بە پۆست و کۆمێنتی جیاجیا پەسنی یانەکەیان دەکەن.
بۆ یاریی ریال بێتیسیش، کاردانەوەیەکی زۆریان لە سۆشیال میدیا هەبووە و هەندێک نووسیویانە "ئەگەر بەو ئاسانییە لە ریال مەدرید ببەینەوە ریال بێتیس چییە؟!". هەندێکی دیکە نووسیویانە دوای کلاسیکۆ هەمووان لە بارسا تۆقیون". هەروەها هەندێکی دیکەش نووسیویانە "ریال بێتیسمان بۆ بێنن".