ڤیدیۆ؛ سعودیە یاریگەیەکی خەیاڵی دروستدەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
شانشینی سعودیە یەکێک لە باشترین و پێشکەوتووترین یاریگەکانی جیهان دروستدەکات و پیشەسازی دروستکردنی یاریگەکان دەباتە قۆناخێکی نوێوە. 
 
کۆمپانیای وەبەرهێنانی قیدییە، پرۆژەی دروستکردنی یاریگەیەکی نوێ لە شاری قیدییە لە سعودیە راگەیاند و یاریگەکە بە ناوی شازادە محەممەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز، شازادەی سعودیە ناودەنرێت. 
 
ئەم یاریگەیە چەندین تایبەتمەندی جیاواز لەخۆ دەگرێت و تەکنەلۆژیای وای تێدا بەکاردەهێنرێت کە رێگە دەدات یاریگەکە بۆ چەندین مەبەستی جیاواز بەکاربهێنرێت و دەتوانێت گەورەترین بۆنە ئینتەرتەینمێنت و وەرزشییەکان لەخۆبگرێت، پێشبینی دەکرێت بەهۆی دیزاینە تایبەتەکەی و تایبەتمەندییە جیاوازەکانی، گەشتیاران لە هەموو جیهانەوە بێنە سعودیە و سەردانی یاریگەکە بکەن. 
 
بڕیاردراوە یاریگە نوێیەکەی سعودیە لە داهاتوودا ببێتە یاریگەی یانەی نەسڕ و هیلال، لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی دەکرێت ببێتە یەکێک لەو یاریگەیانەی کە یارییەکانی مۆندیالی ساڵی 2034 لەخۆبگرێت، کە ساڵی رابردوو شانشینی سعودیە مافی میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکەی وەرگرت. 
 
یاریگەی شازادە محەممەد بن سەلمان، بەهۆی ئەو تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەی تێیدا بەکاردەهێنرێت، دەتوانرێت زەوییەکەی بەتەواوی بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی بۆ چەندین مەبەستی جیاوازی وەک یاریی تۆپی پێ، رەگبی، بۆکسینگ، هونەرە جەنگییەکان، کۆنسێرتی میوزیکی بەکاربهێنرێت.
 
سعودیە پڕۆژەیەکی وەرزشیی گەورەی دەستپێکردووە و چەند ساڵێکە کاری لەسەر دەکات و دەیەوێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ببێتە یەکێک لە وڵاتە وەرزشییە هەرە ناسراوەکانی جیهان، کە ئێستا خاوەنی خولێکی بەنێوبانگی تۆپی پێیە، بەهۆی هێنانی کۆمەڵێک لە ئەستێرە هەرە بەنێوبانگەکانی جیهان، لەسەرووشیانەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی.