گەورەکەی لەندەن بۆ بنزیما و فێرمینیۆ هاتووەتە سەر هێڵ

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی چێڵسی چاوی لە دوو ئەستێرەی گەورەی خولی سعودیەیە و دەیەوێت لەم گواستنەوەی زستانەیەدا کێشەی گۆڵکردنی یانەکە چارەسەر بکات.
 
یانەی چێڵسی لە رووی هێرشبەرییەوە بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت، کریستۆفەر ئینکونکو جارێکی دیکە تووشی پێکان بووە و دوورکەوتووەتەوە، نیکۆلاس جاکسنیش پەیوەندی بە هەڵبژاردەی سەنیگالەوە کردووە بۆ بەشداریکردن لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقیا.
 
بەپێی رۆژنامەی تێلێگراف، یانەی چێڵسی بەمەبستی چارەسەرکردنی کێشەکانی هێڵی ‌هێرشبەری یانەکە، چاوی لە هەریەکە لە کەریم بنزیما و رۆبێرتۆ فێرمینیۆیە و دەیەوێت لەم گواستنەوەی زستانەیەدا یەکێک لەو دوو هێرشبەرە بەشێوەی خواستن بگوازێتەوە.
 
فێرمینیۆ، هاوینی رابردوو لە یانەی لیڤەرپوولەوە پەیوەندی بە یانەی ئەهلیی سعودیییەوە کرد، لە یەکەم یاریی خۆیدا لەگەڵ ئەو یانەیە توانی هاتریک تۆماربکات، بەڵام لەو کاتەوە بە کاتێکی سەختدا تێپەڕدەبێت و لە 18 یارییدا هیچ گۆڵێکی تۆمارنەکردووە، بەپێی هەواڵەکان ئەستێرە بەرازیلییەکە لە سعودیە دڵخۆش نییە و دەیەوێت بگەڕێتەوە ئەوروپا. 
 
بنزیما، لە گواستنەوەی هاوینەدا یانەی ریال مەدریدی جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی ئیتیحادەوە کرد، بەهەمان شێوەی فێرمینیۆ، بنزیما لە سعودیە ئاسوودە نییە و بەپێی هەواڵەکان یاریزانەکە دەیەوێت یانەی ئیتیحاد جێبهێڵێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە دوایین کۆبوونەوەی یانەکەیدا بەشداری نەکرد و بەو هۆیەوە بەشداری لە کەمپی ئامادەکاری یانەکەی ناکات.