جامی ئەفریقا.. سەنیگال هاندەرەکانی تووشی دوودڵی کردووە


رووداو دیجیتاڵ 

هەر لە کۆمەڵەی دووەمدا هەردوو هەڵبژاردەی سەنیگال و گینیا خاڵەکانیان دابەشکرد و پێشەنگی کۆمەڵەکەشیان دابەشکرد.
 
هەڵبژاردەی گینیا بەرامبەر بە سەنیگال یاریکرد کە لە یاریی یەکەمیاندا هەردوو تیپ براوە بوون، بۆیە بردنەوەی هەر کامێکیان پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی بۆخۆی دەبرد، بەڵام گینیا بەرگرییەکی باشیانکرد، لەگەڵ ئەوەی کۆنترۆڵی تۆپیش بە هاوبەشی بوو، بەڵام هەلی هەڵبژاردەی سەنیگال بۆ تۆمارکردنی گۆل زیاتربوون، هاوڕێکانی سادیۆ مانێ سوودیان لە دەرفەتەکان وەرنەگرت.
 
سەنیگال و گینیا هەردووکیان خاوەنی چوار خاڵ و بە رێژەی زۆر پێیەکیان لە قۆناخی داهاتوو داناوە، ئەوەی دەمێنێتەوە یەکلاکردنەوەی پێشەنگی کۆمەڵەکەیە، کە لە یاریی سێیەمدا دەردەکەوێ کامیان یەکەمە و کەمەیان دووەم.
 
سەنیگال بەرامبەر مالاوی یاری دەکات، گینیا و زیمبابوێش بەیەکدەگەن.
 
هەڵبژاردەی سەنیگال کە بەربژێری سەرەکییە بۆ بردنەوەی نازناوە، ئاستی وەک پێویست نییە، لە یاریی یەکەمدا بە گۆڵێکی مانێ کە لە بە لێدانی سزا تۆماریکرد لە خولەکی 96 یارییەکەیان لە زیمبابوێ بردەوە، یاری داهاتووشیان ئاسان نابێت و بەرامبەر بە هەڵبژاردەی مالاوییە کە ئەویش هەلی سەرکەوتنی هەیە شەڕ بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو دەکات، سەنیگالییەکان هیوایەکیان بە گەڕانەوەی یاریزانە پێککراوەکانیانە کە دیارترینیان ئێدواردۆ مێندی و ئیسمایلا سارن بۆ یارییەکانی داهاتوو.