ئامۆژگارییەك بۆ ئێمباپێ کۆتایی بە خەونی مەدریدییەکان دەهێنێت؟

رووداو دیجیتاڵ
 
تیێری هێنری، ئەفسانەی فەرەنسی و یاریزانی پێشووی یانەکانی بارسێلۆنا و ئارسیناڵ ئامۆژگاری کیلیان ئێمباپێ دەکات و ئەو یانەیە دیاری دەکات کە پێیوایە یاریزانەکە پێویستە لە داهاتوودا یاری بۆ بکات. 
 
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمان گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە پاریسییەکە لە هاوینی ساڵی 2024 کۆتایی دێت و هەمووان چاوەڕێی کەڵەشێرە فەرەنسییەکە دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئاخۆ جارێکی دیکە گرێبەستەکەی لەگەڵ سانجێرمان نوێدەکاتەوە یاخود ئەمجارەیان فەرەنسا جێدەهێڵێت و پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە دەکات. 
 
تیێری هێنری کە ئێستا راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی فەرەنسای خوار 21 ساڵ دەکات، لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ئامۆژگاری ئێمباپێ دەکات و دەڵێت "ئەگەر من لە شوێنی ئێمباپێ بام لە پاریس نەدەڕۆیشتم و ئەوەی دەستمپێکردبوو تەواوم دەکرد، ئەو بۆچی لە پاریس بڕوات؟ لە کاتێکدا کە یانەکەی خۆشدەوێت و خەڵکی ئەو شارەیە".
 
لە دوو هەفتەی داهاتوودا ئێمباپێ دەتوانێت دەست بە گفتوگۆکردن بکات لەگەڵ هەر یانەیەك کە بیەوێت و تاوەکو ئێستاش هیچ هەواڵێك لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ سانجێرمان نییە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کە یانەی ریال مەدرید جارێکی دیکە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە دەستپێدەکات و لە سەرەتای ساڵی نوێدا گرێبەستی فەرمی پێشکێشی ئێمباپێ دەکات، بەڵام ئەمجارەیان لۆس بلانکۆس نایەوێت هەمان هەڵەی ساڵانی رابردوو دووبارە بکاتەوە و دەیەوێت ئێمباپێ بێتە پێشەوە و پێشانی بدات کە بەڕاستی دەیەوێت بۆ یانەی شاهانە یاری بکات.