پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی عەرەب لە شەقڵاوە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی وڵاتانی عەرەب بە بەشداری 16 وڵات لە شارۆچکەی شەقڵاوە ساز بکرێت.
کێبرکێکە رۆژی 25ـی ئەم مانگە لە مەراسیمێکی ئاهەنگ ئامێزدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی وڵاتانی عەرەبی و ئاسیا لەگەڵ وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق و پارێزگاری هەولێر دەستپێدەکات و یارییەکانی لەسەر ئاستی کوڕان و کچان ماوەی چوار رۆژ لەنێو هۆڵی داخراوی یانەی وەرزشیی شەقڵاوە بەردەوامدەبێت.
تاهیر سابیر، بەڕێوەبەری وەرزشیی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند " جێگای خۆشحاڵیمانە بە هەواهەنگی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی وەرزش لەنێو ئامادەکارییەکی زۆرباشداین و کارەکان بۆ میواندارییەکی سەرکەوتوو باش دەڕوات، لەبەرئەوەی 300 کەس وەک یاریزان و میوان لە پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی لە شەقڵاوە ئامادەدەبن".
جاری سێیەمە پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی لە هەولێر ساز دەکرێت، کە جاری یەکەم لە 1979 بوو، دووەم پاڵەوانێتی لە 2011 بوو، کۆتایی ئەم مانگەش سێیەمجارە کێبرکێکە لە هەرێمی کوردستانە.
هەڵبژاردەی بەرزکردنەوەی قورسایی کوڕانی عێراق هیچ یاریزانێکی کوردی تێدا نییە، بەڵام هەڵبژاردەی کچانی عێراق کە 8 کچە یاریزانن هەموویان کوردن و تیپەکە بەسەرپەرشتی راهێنەرێکی کورد لەژێر راهێنانێکی چڕدان بۆ کێبرکێکە.
خەسرۆ ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری هەڵبژاردەی بەرزکردنەوەی قورسایی کچانی عێراق، لەبارەی ئامادەکارییەکانیان گوتی "رۆژانە بەپێی ئەو بەرنامەیەی یەکێتیی بەرزکردنەوەی قورسایی عێراق بۆی داناوین تیپەکەمان لەنێو راهێناندایە، کچە یاریزانانەکانمان بەئەزموون و دڵنیام دەتوانین زۆرترین میدالیا ببەینەوە".