رۆژێکی یەکلاکەرەوە.. رۆناڵدۆ و ئیبراهیمۆڤیچ لەبەردەم مێژوودان

 
رووداو دیجیتاڵ

چارەنووسمان لەدەستی خۆماندایە، ئەمە قسەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی هەڵبژاردەی پۆرتوگال بوو بەر لە یارییە یەکلاکەرەوەکەیان بەرامبەر بە هەڵبژاردەی سێربیا.
 
لە گەڕی کۆتایی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2020، هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە یاریگەی خۆیدا و لە یارییەکی چارەنووسسازدا میوانداریی هەڵبژاردەی سێربیا دەکات، ئەگەرەکانی ئەم یارییە بۆ هەردوو تیپ کرایەوە، ئەوەی بیباتەوە راستەوخۆ دەگاتە مۆندیالی 2022ـی قەتەر، هەڵبژاردەکەی دیکەش دەگاتە قۆناخی پاشکۆ.
 
پۆرتوگال و سێربیا خاوەنی 17 خاڵن، بەڵام پۆرتوگال بە جیاوازیی گۆڵ لەپێش سێربیایە، واتا پۆرتوگال بە بردنەوە و یەکسانبوون سەردەکەوێ، بەڵام ئەگەر سێربیا بیباتەوە، ئەوا هاوڕێکانی دوشان تادیچ دەچنە مۆندیال و رۆناڵدۆش دەبێت یاریی پاشکۆ بۆ هەڵبژاردەکەی بباتەوە تاوەکو بگەنە قەتەر.
 
لەم یارییەدا هەڵبژاردەی پۆرتوگال وزەیەکی زیاتری بۆ دەگەڕێتەوە، دوای ئەوەی بێرناردۆ سیلڤا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرا لەلایەن دەستەی پزیشکانەوە، بەڵام هێزێکی گەورەش لەدەستدەدات بە ئامادەنەبوونی پێپێی بەگریکەری دوای ئەوەی لە یاریی چووندا، کارتی سووری وەرگرت, هەریەکە لە جواو ماریۆ، رافا سیلڤا و ئانتۆنی لۆپێس بەهۆی پێکانەوە دوورخراونەتەوە، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە گۆڵکەری جیهانەوە لەسەر ئاستی هەڵبژاردەکان، واتا کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەو 115 گۆڵەی تۆماریکردووە، تەنیا یەک گۆڵیان بەرامبەر سێربیا بووە. 
 
لە سێربیا هەریەکە لە ماتیا ناستاسیچ، پێتکۆڤیچ و لازۆڤیچ پێکایان هەیە و یاری ناکەن، بەڵام پشتیان بە دوشان تادیچ، سێرجی میلینکۆڤیچ ساڤیچ و ڤلاهۆڤیچی گۆڵکەر بەستووە.
 
لە یارییەکی بەهێزی کۆمەڵەی هەشتەمدا، لەو یارییەی کە ناسنامەی پاڵەوانی کۆمەڵەکە دیاری دەکات، هەڵبژاردەی رووسیای پلەی یەکەم دەبێتە میوانی هەڵبژاردەی کرواتیای پلەی دووەم، کرواتیا یارییەکە بباتەوە راستەوخۆ دەگاتە مۆندیال، بەڵام لە ئەگەری یەکسانبوون یان بردنەوەی رووسیا، ئەوا ورچە سپییەکان وەک یەکەمی کۆمەڵەکەیان بلیتی قەتەر دەبڕن.
 
ماتیۆ کۆڤاچیچ و جۆسیپ بێرکالۆ لە هەڵبژاردەی کرواتیا پێکانیان هەیە و ئامادەی یارییەکە نین، رووسیاش بە تەواوی پێکهاتەکەیان ئامادەن.
 
راپۆرتی یاریی پۆرتوگال و سێربیا، رووسیا و کرواتیا
 
رۆژێکی یەکلاکەرەوە، 90 خولەک بۆ مێژوو، ئیسپانیا و سوێد رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بۆ یەکلاکردنەوەی پلەی یەکەمی کۆمەڵەی دووە و گەیشتن بە مۆندیالی 2022ـی قەتەر.
 
کاژێر 22:45 لەسەر یاریگەی لا کارتوخا لە شاری سێڤییا، ئیسپانیا لە دوایین گەڕی پاڵاوتنەکاندا میوانداریی هەڵبژاردەی سوێد دەکات، یارییەک بۆ هەردوو لا گرنگترینی ئەم وەرزەیە و ئەنجامەکەی بەندە بە چارەنووسی هەردوو هەڵبژاردەوە بۆ گەیشتن بە مۆندیال.
 
سوێد لە یاریی رابردوودا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرامبەر جۆرجیا دۆڕا و سێ خاڵی گرنگی لەدەستدا، ئێستا هەڵبژاردەکە بەجیاوازیی خاڵێک لە دواوەی ئیسپانیایە و لە پلەی دووەمە، بۆ ئەم یارییە گرنگ و هەستیارە بەسەرکردایەتی زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ جگە لە بردنەوە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە بۆ ئەوەی بگاتە مۆندیال.
 
هەرچی ئیسپانیای خاوەن یاریگەیە دوای بردنەوەیەکی زەحمەت لە یاریی رابردوودا بەرامبەر یۆنان بەدەستهێنا، بە ورەیەکی بەرزەوە بۆ یارییەکە ئامادەیە، ئێنریکی و پێکهاتەی لارۆخا دەیانەوێت هەمان سیناریۆی ساڵی 2019 دووبارەبکەنەوە، کاتێک لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆدا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە سوێدیان بردەوە.
 
یارییەکە بۆ هەردوو هەڵبژاردە ئاسان نییە، بەتایبەت کە ئیسپانیا لە یاریی یەکەمی نێوان هەردوولادا بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ دۆڕاوە، بەڵام رێگەی بەردەم ئیسپانیا ئاسانترە بەهۆی ئەوەی کە ئەوان دوو بژاردەیان لەبەردەمە بۆس سەرکەوتن ئەویش بردنەوە و یەکسانبوونە، بەڵام سوێد ئەگەر بردنەوە نەبێت دەچێتە پاڵاوتنەکان و ماندووبوونێکی زیاتری پێویستە بۆ سەرکەوتن.
 
راپۆرتی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و سوێد
 
 
 
لە بووڵەتەنی هەواڵە وەرزشییەکانی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە سامان وڵاتژێری پێشکێشیدەکات بە ئینفۆگرافیک چەند زانیارییەک لەبارەی یارییە گرنگەکانی ئەمڕۆ خرانەڕوو.