مارتیال زۆر سیفه‌تی یاریكردنى تێری هێنری تێدایه‌

رووداوى وه‌رزشی ـ MU4
هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌ره‌تادا ره‌خنه‌ی زۆری لێگیرا، به‌ڵام گرێبه‌ستكردنی مانچسته‌ر یونایتد له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنی مارتیالی یاریزانی فه‌ره‌نسی گرنگترین ده‌سته‌واره‌ی شه‌یتانه‌كانه‌ له‌م هاوینه‌دا.

شێوازی یاریكردن
مارتیال هێرشبه‌رێكی ره‌وانه‌، له‌هه‌موو شوێنه‌كانی هێڵی پێشه‌وه‌ یاریده‌كات، ته‌نیا به‌ تۆماركردنی گۆڵ ناوه‌ستێت، به‌ڵكو گۆڵی زۆریش بۆ هاوڕێكانی دروستده‌كات، چونكه‌ ده‌توانێت وه‌ك یاریزانی باڵیش یاریبكات، ئه‌وه‌ش بۆ خێرایی و به‌هێزی جه‌سته‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ده‌توانێت فشار بۆ به‌رگریكارانی تیپی به‌رامبه‌ر دروست بكات و له‌ناوه‌ڕاستی یاریگه‌وه‌ ده‌ست به‌ هێرشی خێرا بكات.

یاریزانێكی ته‌واوه‌
دوور له‌ رێژه‌ی به‌رزی گۆڵه‌كانی، ئه‌نتۆنی یاریزانێكی ته‌واوه‌، واته‌ ده‌توانێت یاریزان ببڕێت و شتی له‌ناكاو بكات، بۆیه‌ راگرتنی له‌هه‌ر گۆشه‌یه‌كی له‌ سێیه‌كی دوایی هێرشبردن ئه‌سته‌مه‌، بێجگه‌ له‌ تۆماركردنی گۆڵ له‌ گۆشه‌ی ئه‌سته‌م، ئه‌و زۆر له‌ هاوڕێی پێشووی له‌ ئه‌كادیمیای لیۆن، ئه‌لیكسانده‌ر لاگازیت ده‌چێت، به‌ڵام مه‌یلی جوله‌كردنی زیاتره‌و به‌رده‌وام له‌ نێو هێڵی سزا ناوه‌ستێت.

تێری هێنری
رۆژنامه‌كانی به‌ریتانیا باسی لێكچوونی مارتیال و هێنری ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیان دووپاتیده‌كه‌نه‌وه‌ هێرشبه‌ره‌ تازه‌كه‌ی مانچسته‌ر یونایتد نزیكترین كۆپی ئاسكه‌كه‌ی فه‌ره‌نسا و ئه‌فسانه‌ی ئارسناڵ له‌ هه‌زاره‌ی تازه‌یه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی رێز بۆ تواناكانی مارتیال، ته‌نیا گرێدانی ناوی به‌ ناوی هێنری زیاده‌ڕه‌وی زۆری تێدایه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی هێنری شاره‌زا له‌ پریمه‌رلیگ پێشكه‌شی كرد، پێویستی به‌ چه‌ندین ساڵ دره‌وشانه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت شتێكی هاوشێوه‌ی ئه‌و پێشكه‌ش بكات. به‌ڵام ئاماژه‌ی گه‌شبینی له‌نێوان سه‌ره‌تای هه‌ردوو یاریزانی فه‌ره‌نسی هه‌یه‌، نه‌خاسمه‌ مارتیال به‌ یاریزانێكی زۆر (راسته‌وخۆ) داده‌نرێت، به‌رده‌وام داوای تۆپ ده‌كات، به‌ شێوه‌ی ستوونی به‌ره‌و گۆڵی تیپی به‌رامبه‌ر جوله‌ ده‌كات، ئینجا خاڵی ده‌رچوونی له‌ ناوه‌ڕاست بێت یان لا باڵه‌كان، هێنریش به‌و خاسیه‌ته‌ ناسراو بوو.

نه‌رێنییه‌كانی
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌رێنییه‌كانی مارتیال، لایه‌نى نه‌رینیشی هه‌یه‌. له‌وانه‌ش دیقه‌تی پاسدانی زۆر باش نییه‌، كه‌ %72 بوو له‌گه‌ڵ مۆناكۆ له‌ وه‌رزی رابردوودا، بۆیه‌ پێویستی به‌ كار و هه‌وڵدانی زۆر هه‌یه‌، هه‌روه‌ها له‌ رووی به‌رگریكردنیشه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی به‌ردانه‌وه‌ی ره‌وا و پچڕاندنی تۆپ وه‌ك پێویست نییه‌، پێده‌چێت باشترین شوێن بۆ  مارتیال هێرشبه‌ری ره‌وان بێت، چونكه‌ یاریكردن له‌ باڵه‌كان پێویستی به‌ ئه‌ركی دیكه‌ هه‌یه‌، كه‌ تاوه‌كو ئێستا به‌ده‌ستی نه‌هێناوه‌.

مێركاتۆی یونایتد
مانچسته‌ر یونایتد ئه‌و هاوینه‌ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ چه‌ندین ئه‌ستێره‌ واژووكرد، مۆرگان شنایده‌رلین، باستیان شڤاینشتایگه‌ر، مه‌مفیس دیپای، رۆمێرۆ، دارمیان و مارتیال، له‌گه‌ڵ به‌های هه‌موو ئه‌و ناوانه‌، كه‌چی ئه‌و گه‌نجه‌ی له‌ مۆناكۆوه‌ هاتووه‌، گرنگترین و دیارترینیانه‌، چونكه‌ شتی زیاتری بۆ پێكهاته‌كه‌ی ڤان گال زیادكرد، ئه‌ویش توخمی یه‌كلاییكردنه‌وه‌یه‌ له‌ سێیه‌كی كۆتایی هێرشبردندا.

گه‌وره‌ترین سوودمه‌ند
واین رۆنی به‌ گه‌وره‌ترین سوودمه‌ندی هاتنی ماریتال داده‌نرێت، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردووكیان وه‌ك هێرشبه‌ر یاریده‌كه‌ن، به‌ڵام بوونی مارتیال واته‌ به‌شداریكردنی رۆنی له‌ شوێنی 10 وه‌ك دروستكه‌ری یاری، یان باڵێكی ره‌وان له‌لایه‌كی یاریگه‌وه‌، به‌مه‌ش رۆنی كه‌مێك له‌ گۆڵ دوورده‌كه‌وێته‌وه‌و زیاتر سه‌ربه‌ست ده‌بێت، بۆ وه‌رگرتنی تۆپ و جوله‌كردنی خێرا به‌ره‌و گۆڵ، له‌ دواوه‌ بۆ پێشه‌وه‌. رۆنی به‌رده‌وام پێویستی به‌ یاریزانێكی دیكه‌یه‌ له‌ نزیكیه‌وه‌ یاری بكات.