ڤیدیۆ؛ هەواڵێکی خۆش بۆ هاندەرانی یانەی دهۆک

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری دهۆک لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە هەواڵێکی خۆش بە هاندەرانی یانەی دهۆک رادەگەیێنێت و دەڵێت "دهۆک پێویستی بە یاریگەیەکی گەورەتر لەوەی ئێستا هەیە."
 
دوای گەیشتنی چیمەنی یاریگەی یانەی دهۆک لە هۆڵەنداوە، دەست بە دانانی چیمەنی یاریگەکە دەکرێت و یاریگەکە بۆ یەکەم یاریی یانەی دهۆک لە جامی کەنداوی عەرەبی ئامادەدەبێت، کە رۆژی 22ـی ئەم مانگە لەنێوان دهۆک و ئەهلی سەنعای یەمەنی بەڕێوەدەچێت."
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لەبارەی نۆژەنکردنەوەی یاریگەی دهۆک قسەی کرد رووداو پرسیارێکی لە پارێزگارکرد لەبارەی ئەوەی کە لە داهاتوودا بیر لەوە ناکەنەوە داوای بەڕێوەبردنی یارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق بکەن، ئەگەر یارییەکی دۆستانەش بێت؟ پارێزگاری دهۆک لە وەڵامدا گوتی "ژێرخانی وەرزشی بەتەنیا یاریگە نییە، کاتێک فیفا سەردانی شوێنێک دەکات سەیری هۆتێل، فڕۆکەخانە، رێگەکانی نێوان فڕۆکەخانە و یاریگەکە، بارودۆخی ئەمنی و پاشان یاریگە و ژێرخانی وەرزشی دەکات، یاریگەی دهۆک نۆژەنکراوەتەوە، لە دهۆک هۆتێلی باشمان هەیە و رێگەی نێوان فڕۆکەخانە و شارەکەش زۆر باشە، پشتبەخوا دهۆک هەموو ئەو رێکارانەی تێدادەبێت کە فیفا بەلایەوە گرنگن، بەڵام دوای ئەوە پەیوەندیی بە سیاسەتی وەرزشی عێراقەوە دەبێت."
 
پارێزگاری دهۆک زیاتر گوتی "گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی کە دهۆک پێویستی بە یاریگەیەکی گەورەترە، دەبینین یاریگەکە بەشمان ناکات و بۆ یاریگەیەکی گەورەتر زەوی پێویست هەیە و پشتبەخوا بارودۆخمان باشترببێت، یاریگەیەکی گەورەتر لە ئاستی هاندەرانی یانەی دهۆک دروستدەکەین و سوپاسیان دەکەین بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکەیان و ئەو گیانە وەرزشییە بەرزەی هەیانە و پشتبەخوا هەر بەو شێوەیە دەمینن و دووپاتیدەکەمەوە دهۆک پێویستی بە یاریگەیەکی گەورەترە بۆ ئەوەی شوێنی هەموو هاندەران ببێتەوە، کە لە یاریی رابردوودا بینیمان لە یارییەکاندا شوێنی هاندەران نەدەبووەوە."
 
دهۆک خۆی بۆ یەکەم یاریی رکابەرییەکانی جامی کەنداوی عەرەبی ئامادەدەکات، رۆژی 22ـی ئەم مانگە یانەکە لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی ئەهلی سەنعای یەمەنی یاری دەکات.
 
دوای یاریی دهۆک و هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، هەڵگرتنی چیمەنی یاریگەی یانەی دهۆک دەستیپێکرد و چیمەنی نوێی یاریگەکە لە هۆڵەنداوە هێنراوە و لەلایەن کۆمپانیای هێندریکس دابینکراوە، کە کۆمپانیاکە چیمەنی یاریگەی نوێی بارسێلۆناش دادەنێت.