هەولێر بە تیپێکی لاوەوە شەڕی بەدەستهێنانی نازناوی خولی نایابی کوردستان دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

یارییەکانی وەرزی نوێی خولی یانە نایابەکانی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ئەنجامدانی 4 یاری دەستپێدەکات. 

وەرزی ئەمساڵ یارییەکان بە بەشداری 16 یانەیە و یارییەکانی بەشێوازی دوو قۆناخ بەڕێوەدەچن، لە شاری هەولێر یانەی برایەتی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکە دوای ئامادەکارییەکی مامناوەند بۆ خولەکە میوانداری یانەی دەربەندیخان دەکات.

سەمەد جەوهەر، راهێنەری یانەی برایەتی, لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئامادەکارییەکانمان مامناوەندە و بەشێوەیەکی زۆر باش ئامادەنین بۆ خولەکە و یاریزانانمان زیاتر لاون، بەڵام هیوامان وایە ئاستێکی باش لە یەکەم یاریدا پێشکەش بکەین". 

یانەی زاخۆ میوانداری یانەی هەولێر دەکات، چاوەڕوانی رکابەرییەکی بەهێز لەم یارییەدا دەکرێت، لەبەرئەوەی یانەی زاخۆ پێکهاتەیەکی بەهێزی بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە دروستکردووە و یانەی هەولێریش تیپێکی لاوی بەهێزی هەیە. 

شوان ئەنوەر، راهێنەری یانەی هەولێر روونیکردەوە "راستە تیپەکەمان لاوە، بەڵام ئێمە ئەمساڵ شەڕی بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە دەکەین". 

لە دەڤەری بارزان یانەی هەڵۆ بەهیوای دڵخۆشکردنی هاندەرانی لەنێو یاریگەی خۆیدا لە بلێ رووبەڕووی یانەی شەقڵاوە دەبێتەوە، یانەی نەورۆزیش لە شاری سلێمانی میوانداری یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەکات. 

زیاد خۆشناو، سەرۆکی یانەی شەقڵاوە، بۆ رووداو گوتی "راستە یەکەم تاقیکردنەوەمانە لە خولی کوردستان، بەڵام مۆڕاڵی تیپەکەمان بە پاڵپشتی هاندەرانمان بەرزە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی دڵخۆشکەر". 

لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی کوردستان 240 یاری ئەنجامدەدرێن واتا هەر یانەیەک 30 یاری ئەنجامدەدات.