ڤالێڤردی لە قورسترین تاقیکردنەوەدا تاتا دەسڕێتەوە ؟


رووداو-هەولێر 

ئەمشەو یانەی بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید و چاوی لە بردنەوەی ژمارە 8ـی لەسەریەکە لەم وەرزەدا.

بارسا بەسەرکردایەتی ئێرنیستۆ ڤالڤێردی دووەم باشترین دەستپێکی لە خولەکە و مێژووی هاوچەرخی یانەکەیدا هەیە، دوای ئەوەی لە 7 یاری رابردوودا براوەبووە، بۆیە چاوی لەوەیە کە ئەم یارییەش بباتەوە چونکە یەکێكە لە گرنگترین یارییەکانی ئەموەرزە و بە قورسترین تاقیکردنەوەی ئەو راهێنەرەش دادەندرێت لە لالیگادا، لەهەمان کاتیشدا ڤالڤێردی راهێنەر بەنیازە ژمارەکەی تاتا مارتینۆی راهێنەری  پێشووی یانە کەتەلۆنییەکە بسڕێتەوە کە لە ساڵی 2013ـدا تۆمارکرد کە ئەویش 7 یاری لەسەریەکی سەرەتای وەرزی بردەوە، بەڵام لە هەشتەم یاریدا یەکسانبوون.

تاتا ئەو کاتە لە یانەکانی لێڤانتی، مالاگا، ڤالێنسیا، سێڤییا، ڤاییکانۆ، سۆسیداد، ئالمێریا و ڤەلەدوەلیدی بردەوە.

ئەمساڵیش ڤالڤێردی سەرکەوتنی بەسەر یانەکانی، ریال بێتیس، ئالاڤێس، ئیسپانیۆل، خیتافی، ئیبار، خیرۆنا و لاس پالماسدا بەدەستهێناوە.