نهێنی گرێبەستە درێژەکانی یانەی چێڵسی چین؟

 

رووداو دیجیتاڵ

یانەی چێڵسی ئینگلیزی نوێکردنەوەی گرێبەستی جاکسۆن مارتینێزی هێرشبەری یانەکەی بۆ ماوەی نۆ ساڵی داهاتوو راگەیاند.

جاکسۆن تاوەکو 2033 لە یانەی چێڵسی دەمێنێتەوە و ئەوەش جێگەی پرسیار و مشتومڕێکی گەورەیە. مشتومڕەکەش لە یاریزانەکە و یانەکەدا نییە، بەڵکو لە درێژیی ماوەی گرێبەستەکەدایە. لە کاتێکدا یانەکانی دیکە ساڵانە یان دوو ساڵ، یان ئەوپەڕی تاوەکو چوار گرێبەست لەگەڵ یاریزانان دەکەن، چێڵسی ئەوە چەندەمین گرێبەستە کە ئەنجامیدەدات و بۆ ماوەیەکی زۆر درێژە.
 
پێشتر چێڵسی گرێبەستی کۆڵ پاڵمەری بۆ ماوەی نۆ ساڵ نوێکردەوە. ئەو یاریزانە تاوەکو 2033 لەگەڵ چێڵسی بەردەوام دەبێت. هەروەها گرێبەستی ئینزۆ فێرناندێز بەهەمان شێوە بۆ ماوەی هەشت ساڵ نوێکرایەوە. یانەکە هەروەها چەندین گرێبەستی درێژخایەنی دیکەی ئەنجامداوە، لەوانەش مۆیسیس کایسیدۆ بۆ ماوەی حەوت ساڵ و میکایلۆ مودریک حەوت ساڵ و چەندین گرێبەستی دیکەش بەهەمان شێوە.
 
پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە چێڵسی بۆچی و بەچ مەبەستێک گرێبەستی درێژخایەن و دوورودرێژ لەگەڵ یاریزانەکانی دەکات؟
 
یانەی چێڵسی لەژێر سەرکردایەتی تۆد بۆیلی، یاسایەکی بازاڕی گواستنەوەکان بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی تووشی کێشە نەبێتەوە لە بەرامبەر یاسای دارایی یاریی خاوێن، کە ئێستا لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپاوە بەسەر یانەکاندا جێبەجێدەکرێت.
 
ساڵی 2022، دوای ئەوەی رۆمان ئابرامۆڤیچ، سەرۆکی پێشووتری یانەی چێڵسی، ناچارکرا بەوەی یانەکە جێبهێڵێت، تۆد بۆیلی، سەرمایەداری ئەمریکی یانەکەی کڕییەوە و لەگەڵ هاتنیدا شۆڕشێکی لە بازاڕی گواستنەوەکانی یانەکەدا بەرپاکرد. یانەی چێڵسی لە دوای هاتنی تۆد بۆیلییەوە زیاتر لە 40 یاریزانی نوێی کڕیوە، بێئەوەی تووشی کێشە بێت لەگەڵ یاسای دارایی یاریی خاوێن.
 
بەو چل گرێبەستەی ئەنجامیداوە، یانەکە زیاتر لە ملیارێک و 300 ملیۆن یۆرۆی لە گواستنەوەی یاریزانەکاندا خەرجکردووە، بەو جۆرەش  یانەی چێڵسی بووەتە خاوەنی زۆرترین خەرجی لە نێوان سەرجەم یانەکانی ئەوروپا لە ماوەی نێوان 2022 تاوەکو 2024.
 
چێڵسی بەجیاوازییەکی زۆر لە خەرجیدا پێش سەرجەم یانەکانی دیکەی ئەورووپا کەوتووە، تەنانەت یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی کە خاوەن دووەم گەورەترین خەرجییە لە هەمان ماوەدا، 720 ملیۆن یۆرۆی خەرجکردووە.
 
بۆچی گرێبەستی ماوە درێژ؟
 
لە گواستنەوەکانی تۆپی پێدا، لە کاتی فرۆشتنی یاریزان لەلایەن یانەیەکەوە، ئەو بڕە پارەیەی دێتە خەزێنەی یانەکەوە بەهۆی فرۆشتنی یاریزانەکەوە، بە تەواوی وەک پارەی هاتوو هەژمار دەکرێت، واتە ئەگەر چێڵسی یاریزانێک بە 50 ملیۆن بفرۆشێت، ئەو پارەیە بە زیادکردنی 50 ملیۆن هەژمار دەکرێت لەسەر ئەو وەرزەی چێڵسی یاریزانەکەی تێدا فرۆشتووە.
 
بەڵام لە کاتی کڕینی یاریزاناندا، تێچووی گواستنەوەکە دابەشی ساڵەکانی گرێبەستەکەی دەکرێت، واتە ئەگەر چێڵسی یاریزانێک بە 50 ملیۆن بەدەستبهێنێت و گرێبەستێکی 5 ساڵی لەگەڵ بکات، ئەوا ئەو یاریزانە بۆ هەر وەرزێک بە 10 ملیۆن یۆرۆ هەژمار دەکرێت لەسەر دارایی یانەکە، واتە چەند گرێبەستی یاریزانەکان درێژخایەنتر بێت، تێچووە هەژمارکراوەکەی کەمتر دەبێت.
 
بەشێکی دیکە لە سیاسەتی پەیڕەوکراوی چێڵسی لە گرێبەستی درێژخانەنی یاریزانان، پەیوەندی بەڕێگریکردن لە داواکاری و بەرزبوونەوەی داواکاریی زیادکردنی مووچەوە هەیە. یانەی چێڵسی کاتێک گرێبەستی یاریزانێک بۆ ماوەی نۆ ساڵ نوێدەکاتەوە، یاریزانەکە بەوەی کە گرێبەستێکی درێژخایەنی هەیە و داهاتووی خۆی بۆ نۆ ساڵی داهاتوو دابینکردووە، لە بەرامبەر ئەوەدا، یاریزانەکە ناچاردەبێت بەهیچ شێوەیەک ماوە ماوە داوای زیادکردنی مووچەکەی و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نەکات.
 
چێڵسی ئەم یاسایە بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی تووشی کێشە نەبێت، هەر لەبەر ئەوەشە گرێبەستی زۆربەی یاریزانەکانی یانەکە درێژخایەنن، بەشێوەیەک ئەگەر ماوەی گرێبەستەکانی یانەکە بێ هەژمارکردنی ئەو یاریزانانەی بە خواستن لە یانەکانی دیکەن، کۆ بکەینەوە، نزیکەی 157 ساڵ دەکات، ئەو ژمارەیەش زۆر بەرزە.

گرێبەستە درێژخایەنەکانی یانەی چێڵسی:
 
کۆڵ پاڵمەر 9 ساڵ
 
ئینزۆ فێرناندێز 8 ساڵ
 
مۆیسیس کایسیدۆ 7 ساڵ
 
میکایلۆ مودریک 7 ساڵ
 
پیدرۆ نێتۆ 7 ساڵ
 
ڤیێگا 7  ساڵ
 
نیکۆلاس جاکسۆن 7 ساڵ
 
یۆرگێنسین 7 ساڵ
 
راستە ئەم گرێبەستە درێژخایەنانە، یارمەتی یانەکە دەدات ئەستێرەکانی خۆی بپارێزێت و دووربێت لە کێشەی یاسایی، بەڵام لە ئەگەری دابەزینی ئاستی یاریزانەکان، دەبن بە سەرئێشەیەکی گەورە بۆ یانەکە و فرۆشتنیان ئەستەم دەبێت، ئەگەر خۆیان رەزامەندی لەسەر جێهێشتنی یانەکە نەدەن، هەر بۆیەش یانەکە دوو رێگای لەپێش دەبێت، یان شکاندنی گرێبەستی یاریزانەکە، ئەویش پارەیەکی زۆری تێدەچێت، یان دۆزینەوەی کڕیارێک کە هەمان مووچەی چێڵسی بداتە یاریزانەکە.