رۆناڵدۆ لە دەرەوەی یاریگەش خێر و بەرەکەتە بۆ مان یونایتد.. چۆن دەیفرۆشێت؟

رووداو دیجیتاڵ

 

مانچێستەر یونایتد، بێجگە لەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە وەرزی رابردوودا زۆرترین گۆڵی بۆ کرد، بەرهەمی گەڕانەوەی کریسی لە دەرەوەی یاریگاکانیش چنییەوە.
 
گەڕانەوەی یاریزانە تەمەن 37 ساڵەکە بۆ ئۆڵدترافۆرد هۆکارێک بووە بۆ بازدانێکی سەرنجڕاکێش بۆ شەیتانە سوورەکان لە سۆشیال میدیا لە چەند مانگی رابردوودا.
 
رۆژنامەکانی بەریتانیا رایانگەیاند، مان یونایتد لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە دوو ملیار کاردانەوەی بەدەستهێناوە لەسەر سۆشیال میدیا، لە بەشداریکردن لە پۆست و کۆمێنت و لایک.
 
رۆناڵدۆ زۆرترین کاریگەری لەسەر ئەو ڤیدیۆیانە هەبووە کە یانەکە لەسەر پلاتفۆرمەکانی بڵاوی دەکاتەوە، چونکە بینەری هەر کلیپێک نزیکەی سێ هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە 193 هەزار کەس.
 
رۆژنامەكان ئاماژەیان بەوەشكردووە، رۆناڵدۆ هۆکاری سەرەکی ئەو بازدانە گەورەیەی  پەیج و سایتەكانی مانچێستەر یونایتدە، بەهۆی ئەو ناوبانگە گەورەیەی هەیە، کە تەنیا لە رێگەی ئینیستاگرامەکەیەوە لەلایەن 465 ملیۆن فۆڵۆوەرسەوە بەدواداچوون بۆ هەواڵ و پۆستەکانی دەکرێت. 
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە "لە کۆی 25 کاریگەرترین و پڕ بینەرترین پۆست کە وەرزی رابردوو لەلایەن یانەکانی پرێمەرلیگەوە بڵاوکراونەتەوە، 10 پۆست پەیوەندییان بە رۆناڵدۆوە هەبووە، 3 پۆستی یەکەم کە زۆرترین بینەریان هەبووە لەسەر مووشەکی مادێرا بوون".
 
رۆژنامەکانی بەریتانیا پاساو بۆ نهێنیی پێداگریی یونایتد لەسەر دەستگرتن بە رۆناڵدۆ دەهێننەوە، کە بەم دواییانە دەنگۆی خواستی رۆیشتنی رۆناڵدۆ بەشێوەیەکی بەرفراون لە میدیای جیهاندا بڵاوبووەتەوە، ئەوەش بەپشتبەستن بە لێدوانێکی پسپۆڕی بازرگانی وەرزشیی زانکۆی شێفیڵد هالامی بەریتانی، رۆب ویلسۆن، کە گوتی "بەها بازرگانییەکەی کاریگەری دەبێت لەسەر بڕیاری یانەکە بۆ رێگەدان بە رۆناڵدۆ بۆ ئەوەی بڕوات".
 
ئەو پسپۆرە ئاماژەی بەوەشکردووە، مان یونایتد بە رۆیشتنی پۆڵ پۆگبا بێزار نییە، بەڵام لە پشت پەردەوە گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ رۆناڵدۆ دەکات بۆ ئەوەی لای خۆی بهێڵێتەوە.
 
ویڵسن دەڵێت "مانچێستەر یونایتد نەیدەویست رۆناڵدۆ بفرۆشێت، چونکە بەهای ئەو وەک دامەزراوەیەکی بازرگانی زیاترە لە بەهای بازاڕی وەک یاریزانێکی تۆپی پێ".
 
ئەو پسپۆڕە بازرگانییە وەرزشییە زیاتر دەڵێت "گرێبەستەکەی دی ئێکس سی لەگەڵ یونایتد بۆ ئەوەی ناوەکەی لەسەر قۆڵی درێسی تیپەکە بێت، کە بەهای 20 ملیۆن پاوەندە، نموونەیەکی باشە بۆ کاریگەریی رۆناڵدۆ، بەو پێیەی گەورەترین تاکە سپۆنسەری قۆڵی درێسە لە مێژوودا لە خولی نایابی ئینگلیزی".
 
جگە لە ویڵسن، چەند راپۆرتێکی دیکەش باس لەوە دەکەن کە سپۆنسەرەکانی ئێستای یونایتد گوشار لەسەر مانەوەی رۆناڵدۆ دەکەن، بەو پێیەی پلانی بازرگانییان داناوە بە پشتبەستن بە بەردەوامبوونی ئەو لەگەڵ تیپەکەدا.