رامۆس: حەزدەکەم مێسی پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانەوە بکات
رووداو دیجیتاڵ
سێرخیۆ رامۆس، بەرگریکاری ئیسپانی، رایگەیاند "حەزدەکەم لیۆنێل مێسی پەیوەندی بە یانەی پاریس سانجێرمانەوە بکات"، هەروەها گوتیشی "دەمەوێت لەگەڵ نەیمار، ئێمباپێ و مێسی پێکەوە لە یەک یانە یاری بکەین".
رامۆس هیوای خواست کیلیان ئێمباپێ لە ریزەکانی یانەی پاریسیدا بمێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی یانەی ریال مەدرید خوازیارە بیباتە ریزەکانی و گوتی "هەرگیز بوێری ئەوەم نەبووە بڵێم فلانە کەس پێویستە چی بکات، بەڵام بە حوکمی ئەزموونی خۆم دەتوانم بەتەنیا ئامۆژگاری کەسێک بکەم".
رامۆس هەروەها گوتی "دەمەوێت ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان بەردەوام بێت، چونکە من حەزدەکەم یاری لەگەڵ باشترینەکان بکەم".
سێرخیۆ رامۆس بەمدواییە بەبێ بەرامبەر پەیوەندی بە ریزەکانی پاریس سانجێرمانەوە کرد، دوای ئەوەی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید کۆتاییهات و هەردوولا لەسەر نوێکردنەوەی رێکنەکەوتن.
رامۆس زیاتر لەبارەی ئێمباپێیەوە، گوتی "کاتێک تۆ بڕیاری مانەوە یان رۆیشتن دەدەی ئەوە بڕیارێکی کەسییە و تەنیا پەیوەندی بە خۆتەوە هەیە، نازانم چ لە مێشکی کیلیاندا هەیە، بەڵام لێرەدا جیاوازییەک هەیە، کیلیان هێشتا زۆر بچووکە و لێرە تیپێکی زۆر باش هەیە و پێویستی بە یاریزانی باش هەیە".
سەبارەت بە ئەگەری پەیوەندیکردنی لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی بە پاریس سانجێرمانەوە؟ رامۆس گوتی "مێسی یەکێکە لە باشترین یاریزانانی جیهان، ئەگەر باشترینیشیان نەبێت، بەڵام ئەو بڕیارە بەدەست منەوە نییە، من دەتوانم هەزار شت بڵێم، بەڵام قسەی من یەکلاکەرەوە نییە، ئەگەرنا بێگومان حەزدەکەم باشترینەکان لەگەڵم بن".
ئەو دووپاتیشیکردەوە کە نەیمار پەیوەندی پێوەکردووە و داوایلێکردووە بچێتە ریزەکانی پاریس سانجێرمان.
هەروەها گوتی "حەزدەکەم لەگەڵ نەیمار، ئێمباپێ و مێسی پێکەوە یاری بۆ یەک یانە بکەین، ئەوەی من دەمەوێت بەدەستهێنانی سەرکەوتنە".
رامۆس لە کۆتایی قسەکانیدا، باسی ریال مەدریدیشی کرد و گوتی "ریال مەدرید یەکێکە لە باشترین یانەکانی جیهان و بە حوکمی مێژوو باشترینە، ئەو یانەیە هەمیشە لە دڵمدا دەمێنێتەوە".
هەروەها لەبارەی ئەگەری رۆیشتنی کیلیان ئێمباپێ بۆ ئەو یانەیە، رامۆس گوتی "یاریزانان لە قۆناخێکی ژیانیاندا دەبێت لەوێ یاری بکەن، بەڵام ئێستا ئەوم بۆ تیپەکەم دەوێت و هەموومان خوازیارین لەگەڵماندا بمێنێتەوە".