ئەمشەو قۆناخی پێشکۆتایی نەیشنسلیگە.. کرواتیا میوانی هۆڵەندایە

رووداو دیجیتاڵ

 

قۆناخی چوارگۆشەی زێڕینی نەیشینسلیگ دەستپێدەکات و ئەمشەو هەردوو هەڵبژاردەی هۆڵەندا و کرواتیا رکابەریی لەسەر گەیشتن بە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
 
هەڵبژاردەی هۆڵەندا پاش درێژەدان بە شکست و ئەنجامە خراپەکانی لە مۆندیالی 2022ـی قەتەر و رۆیشتنی لویس ڤان خال لە مەشقدانی هەڵبژاردەکە و گەڕانەوەی کومان بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردەکە، چاوی لەوەیە لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا خۆی ببینێتەوە.
 
هۆڵەندا چاوی لەوەیە ئاست و ئەنجامی باشتر لە پاڵەوانێتییەکەدا پێشان بدات، هەلی یارییکردن لەسەر خاکی خۆی و لە یاریگەی فاینۆرد بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگاتەوە بە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، بەڵام باشتر لە یەکەم وەشانی نەیشنسلیگ، کە تێیدا هۆڵەندییەکان لە یاریی کۆتاییدا بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی دۆڕان.
 
 هۆڵەندییەکان کە لە یارییەکەدا لە تواناکانی ماتیاس دی لێختی بەرگریکەر بێبەش دەبن، هێشتا لای راهێنەرەکەیان متمانەی ئەوە بەردەستە کە بتوانن نازناوی پاڵەوانێتییەکە ببەنەوە بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیاندا. چونکە وەک رۆناڵد کومان دەڵێ، ئەوان خاوەنی هەڵبژاردەیەکەی کوالیتی بەرزن، بەڵام گرنگ ئەوەیە لەم ساتەدا لە هەمووان باشتربن بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە ئامانجەکەیان.
 
کرواتییەکان لای خۆیانەوە، لە پاش دەرکەوتنیان بە ئاستێکی باش و کاریگەرەوە لە مۆندیالی قەتەر و بەدەستهێنانی پلەی سێیەمی پاڵەوانێتییەکە، دەیانەوێت لە وێستگەیەکی ئەوروپیدا درێژە بەسەرکەوتن و ئەنجامی باشی خۆیان بدەن.
 
کرواتیا لە مۆندیالدا پێشانیدا توانای زۆر لەوە زیاترە کە پێشبینیدەکرێت و بەرازیلی بەربژێری گەورەی بردنەوەی نازناوەکەی کردە دەرەوە و ئاستە باشەکەی کرواتەکان لە مۆندیالدا، بووە هۆکاری پاداشتکردنی زڵاتکۆ دالیچی راهێنەر بەنوێکردنەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2026.
 
پاڵەوانێتیی نەیشینسلیگ، بەدوا هەلی یاریزانە دێرینەکانی نەوەی زێڕینی کرواتیا دادەنرێت بۆ ئەوەی بەرلەوەی بەیەکجاری یاریگە نێودەوڵەتییەکان بەجێبهێڵن، یەکەم نازناو بۆ هەڵبژاردەکەیان ببەنەوە. لۆکا مۆدریچ سەردەستەی ئەو یاریزانانە دەبێت کە چاوی لەوەیە بەتەمەنی 37 ساڵییەوە، یەکەم نازناو لە مێژووی هەڵبژاردەکەیدا بەدەست بهێنێت.
 
مۆدریچ ئەگەرچی وەک راهێنەری هۆڵەندا دەڵێ، توانایەکی جەستەیی پتەوی نییە، بەڵام پلانداڕێژەر و ئاراستەکەری کۆی ناوەڕاستی هەڵبژاردەکەیە و ئەو مایسترۆیەیە کە دەتوانێت ئاراستەری یارییەکە بەتەواوی بگۆڕێت.
 
کرواتیاش لە تواناکانی دیارترین بەرگریکەری کە جۆسکۆ گڤاردیۆلە بێبەش دەبێت بەهۆی پێکانەوە، بەڵام هەڵبژاردەکە دەتوانێ ئیلهام لە تۆڵەکردنەوەی خۆی لە فەرەنسا وەربگرێت لەم پاڵەوانێتییە و بەسەر پشتی هۆڵەندادا خۆی بگەیەنێتە یاریی کۆتایی و لەوێش بیر لە بردنەوەی نازناوەکە بکاتەوە.