"حکومەتی ئیسپانیا یاساکان بۆ ریال مەدرید دەگۆڕێت"
رووداو دیجیتاڵ
پێش ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا بەفەرمی بچێتە مەدرید، کیلیان ئێمباپێی ئەستێرە فەرەنسییەکە قەیرانێکی نوێی بەدوای خۆیدا هێنا. کەتەلۆنییەکان تووڕەن و دەڵێن حکومەت بۆ ریال مەدرید یاساکان دەگۆڕێت.
پەسەندکردنی یاسایەکی نوێ لەلایەن حکومەتی ئیسپانیا، بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنا زۆر تووڕە دەکات، بەهۆی ئەوەی رێگە بە سەرەتیی باجی گەورە دەدات بۆ بیانییەکان لەنێو ئیسپانیا.
بەرپرسانی بارسا تووڕەن، چونکە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە هاوکات بوو لەگەڵ چوونی ئەستێرەی فەرەنسی کیلیان ئێمباپێ، بۆ بەهێزکردنی ریزەکانی رکابەرە هەمیشەییەکەیان، ریال مەدرید.
یاسا نوێیەکە کە بە 'یاسای ئێمباپێ' ناونراوە، ئاسانکاری گەورە لە پێدانی باج بۆ بیانییەکان دابین دەکات، بە کەمکردنەوەی ئەو پارەیەی کە دەبێ بیدەن بە نزیکەی نیوە، بە بەراورد بەو پارەیەی کە بیانییەکانی نیشتەجێی پایتەختی کەتەلۆنیا دەیدەن.
دەزگاکانی راگەیاندنی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا بڵاویانکردووەتەوە، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید لەپشت سەپاندنی ئەم یاسایەوەیە، بەمەبەستی رەخساندنی ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی ئێمباپێ بۆ ریزەکانی یانەی شاهابە لە مێرکاتۆی هاوینی داهاتوودا، چونکە لە بەرامبەر ئەوەشدا کیلیان ئەو مووچەی ساڵانە بۆ ی دانرابوو کەمتر وەردەگرێت.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی نزیک لە بارسێلۆنا، رایگەیاندووە کە لە وەرزەکانی داھاتوودا بارسا زۆر بەزەحمەت رکابەری هەردوو یانەکەی پایتەخت، ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات، بەتایبەتی کە 'یاسای ئێمباپێ' کە ناوێکی نافەرمییە بۆ یاسا نوێیەکە دانراوە، هانی یاریزانان دەدات روو لە تیپەکانی ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید بکەن، ئەمەش وەک بژاردەی یەکەم لەبری ئەوەی گرێبەست لەگەڵ بارسێلۆنا بکەن.
لە یاسا نوێیەکەدا هاتووە، ئەو بیانییانەی لە مەدرید نیشتەجێن، لە دانی 20.5%ـی ئەو باجەی لەسەریانە بیدەن بەخشراون، بەو مەرجەی ئەو رێژەیە لە داهاتەکەیان وەبەرهێنانی پێبکەن لەو پرۆژانەی لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیادا دەکرێن. ئەمەش بەو مانایەیە کە بۆ نموونە ئێمباپێ تەنیا 24.5٪ـی کۆی داهاتی ساڵانەی خۆی دەدات، کە یەکسانە بەو رێژەیەی هاوڵاتییەکی ئیسپانی دەیدات.
سەبارەت بەو بیانییانەی کە لە هەرێمی کەتەلۆنیا نیشتەجێن، کۆی ئەو باجەی کە دەبێت لە داهاتی ساڵانەیام بدەن دەگاتە نزیکەی 50٪.
ریال مەدرید خۆی ئامادە دەکات بۆ گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی ئایندەیی خۆی کە لە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە دێت.