ڤیدیۆ؛ هاندەرانی ئارسیناڵ کێشە بۆ یاریزانانی مان سیتی درووستدەکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
پێش یارییە چارەنووسسازەکەی ئەمڕۆی نێوان تۆتێنهام و مانچێستەر سیتی، هاندەرانی یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی کێشە بۆ یاریزانانی سیتیزنس درووستدەکەن.  
 
لە میانی یارییە دواخراوەکانی گەڕی 34ـی پرێمەرلیگ، ئەمڕۆ سێشەممە کاژێر 22:00، یانەی مانچێستەر سیتی دەبێتە میوانی تۆتێنهام هۆتسپێرز.
 
لە ریزبەندی پرێمەرلیگدا، مانچێستەر سیتی بە ئەنجامدانی یارییەک کەمترەوە خاڵێک لە دوای ئارسیناڵی پێشەنگ دێت و بە بردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ دوو خاڵ دەکەوێتە پێشی، هەربۆیە هاندەرانی گەنەرز هیواخوازن تۆتێنهامی رکابەرە مێژووییەکەیان بتوانێت ئەمڕۆ سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و سێ خاڵی گرنگ لە سیتیزنس وەربگرێت. 
 
کۆمەڵێک هاندەری ئارسیناڵ شەوێک پێش یارییەکەی تۆتێنهام و مانچێستەر سیتی، دەچنە بەردەم ئەو هۆتێلەی کە یاریزانانی سیتیزنس تێیدا دەمێننەوە و یاریی ئاگرین دەتەقێنن بۆ ئەوەی بێزاریان بکەن و نەهێڵن پشووبدەن، دواتریش ڤیدیۆی دیمەنەکە دەگرن و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ئێکس' بڵاویدەکەنەوە.