ریال مەدرید گورزێکی بەهێز لە ئێمباپێ دەدات

رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزەکە لە کۆتایی و دەستپێکردنی مێرکاتۆی هاوینە، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، گورزێکی بەهێزی لە هیواکانی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی و گۆڵکاری یەکەمی یانەی پاریس سانجێرمان دا.
 
کیلیان ئێمباپێ، لە کۆتایی وەرزی رابردوودا گرێبەستێکی نوێی تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2025 لەگەڵ پاریس سانجێرمان واژۆکرد، سەرەڕای ئەوەی پێشتر لەگەڵ ریال مەدرید رێککەوتنی کردبوو بۆ ئەوەی بچێتە قەڵای سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
 
بەگوێرەی رۆژنامەکانی ئیسپانیا، ئێمباپێ پەشیمانە و بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بتوانێت رووبکاتە ریال مەدرید، کە ئەو پێیوابووە لەوانەیە لە کۆتایی وەرزی داهاتوودا ئەمە رووبدات، بەڵام وەڵامی ریال مەدرید بۆ ئەو شۆکهێنەر بووە.
 
ئەو سەرچاوانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ریال مەدرید زیاتر متمانەی بە یاریزانی باڵەکەی ئێستای، ڤینیسیۆس جونیۆر هەیە و دەڵێن "بەرپرسانی ریال مەدرید بە بوونی ڤینیسیۆس نایانەوێت هەر بیریش لە گواستنەوەی ئێمباپێ بکەنەوە، کە دوای ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان فلۆرێنتینۆ پێرێز و ناسر خلێفی، سەرۆکی ریال مەدرید رەتیدەکاتەوە دانوستاندن لەگەڵ سەرۆکی پاریس سانجێرمان بکات بۆ گواستنەوەی ئێمباپێ.
 
ئەم هەواڵەی رۆژنامە ئیسپانییەکان وەک وەڵامێکن بۆ رۆژنامە بەریتانییەکان، کە لە ئینگلتەرا باس لەوە دەکەن کە یانەی ریال مەدرید تەنیا جود بێلینگهام لە یانەی بۆرووسیا دۆرتموندەوە ناگوازێتەوە، بەڵکو هەوڵی دووبارە گواستنەوەی ئێمباپێش دەدات.
 
بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید پێیانوایە ڤینیسیۆس لە هەمان ئاستی یاریزانە فەرەنسییەکەدایە و وەک ئەو لە یارییەکاندا ئاستێکی بەرزی پێشکێش دەکات، تەنانەت لەوانەیە لەو باشتریش بێت، وەک لە هەموو یارییەکانی خولی ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگدا سەلماندوویەتی.
 
دوور لە لایەنی تەکنیکی، لە روانگەی ئابوورییەوە هیچ شوێنێک بۆ ئێمباپێ لە ریال مەدریددا نییە، چونکە مووچەی ئەو یاریزانە فەرەنسییە زۆر بەرزە، ئەمە جگە لەوەی چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت پاریس سانجێرمان رەتیبکاتەوە دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت، کە بێگومان داوای پارەیەکی زۆر دەکەن بۆ فرۆشتنی.