لیۆن پرسی کۆتاییهێنان بە خولی فەرەنسا دەباتە پەرلەمان

رووداو - هەولێر

جان میشێل ئولاس، سەرۆکی یانەی لیۆنی فەرەنسی، بەردەوامە لە جەنگەکەی دژی بڕیاری کۆتاییهێنان بە خولی تۆپی پێی فەرەنسا و بەخشینی نازناوەکە بە یانەی پاریس سانجێرمان.

یەکێتی تۆپی پێی فەرەنسا و وەزارەتی وەرزش لەو وڵاتە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خولی تۆپی پێی فەرەنسایان دا، بەهۆی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، نازناوەکەش بە پاریس سانجێرمان درا، بەو پێیەی لە پێشەنگی ریزبەندی یانەکان بوو.

یانەی لیۆن بەم بڕیارە رازی نییە و سەرۆکەکەی لە هەوڵەکانیدا بەردەوامە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە و تەواوکردنی خولەکە، کە لە نوێترین هەوڵیدا ئەم پرسەی بردووەتە پەرلەمانی فەرەنسا.

سەرۆکی لیۆن نووسراوێکی داوەتە پەرلەمانی فەرەنسا و تێیدا دووپاتیدەکاتەوە کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خولی فەرەنسا نایاساییە و ئاماژە بۆ ئەو زیانە داراییە گەورانە دەکات، کە بەهۆی ئەو بڕیارە بەر یانەکانی فەرەنسا دەکەون.

رۆژنامەکانی فەرەنسا لەو بارەوە دووپاتیانکردەوە، کە جان میشێل ئولاس، سەرۆکی یانەی لیۆنی فەرەنسی، هەوڵدەدات پشتگیری چەند پەرلەمانتارێکی فەرەنسی بەدەستبهێنێت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەرفەت بۆ یانەکەی بڕەخسێت ململانێ لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی بکات، لەپێناو گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، کە ئێستا لیۆن پلەی حەوتەمی ریزبەندی گرتووە و بەوپێیەش ناتوانێت لە وەرزی داهاتوودا بەشداری لە خولی یانە پاڵەوانەکاندا بکات.

سەرۆکی لیۆن لە نووسراوەکەیدا بۆ پەرلەمانی فەرەنسا، هێرش دەکاتە سەر وەزیری وەرزشی وڵاتەکەی و دەڵێت "وەزیری وەرزش درۆی کردووە، کە گوتوویەتی یوفا داوای لە یەکێتییەکانی تۆپی پێی وڵاتانی ئەوروپا کردووە بەر لە 3ی ئاب خولەکانیان کۆتاییپێبهێنن، لە راستیدا یوفا مەرجی ئەوەی دانابوو کە هەر یەکێتییەک بەر لە 3ی ئاب خولەکەی تەواو نەکات پێویستە روونکردنەوە بدات".

سەرۆکی لیۆن، دووپاتیدەکاتەوە کە لە هەوڵەکانیاندا بەردەوام دەبن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری کۆتاییهێنان بە خولی فەرەنسا، کە پێیوایە بڕیارێکی نادادپەروەرە و دەپرسێت "ئەی بۆچی ئێستا باس لەوە دەکەن کە ئەگەری ئەوە هەیە لەدوای 3ی ئاب یاری کۆتایی جامی فەرەنسا بەڕێوەبچێت".

ئولاس لە نووسراوەکەیدا بۆ پەرلەمان، روونیکردووەتەوە کە بەهۆی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خولی فەرەنسا، بڕی زیانە داراییەکان دەگاتە 700 تاوەکو 900 ملیۆن یۆرۆ و دەڵێت "ئەگەر یارییەکانی خولەکە بەبێ ئامادەبوونی جەماوەر ئەنجامدرابان ئەو زیانانە بۆ 350 تاوەکو 500 ملیۆن یۆرۆ کەمدەبوونەوە".

سەرۆکی یانەی لیۆن، دووپاتیکردووە کە ئەوان لە دادگای کارگێڕی لە پاریس تانەیان لە بڕیارەکە داوە و گوتی "ئەگەر دادگا تانەی قبووڵ نەکرد، جارێکی دیکە تانە لە بڕیارەکە دەدەینەوە".