ڤینیسیۆس داوا دەکات بەشێکی هاندەرانی ئاتلێتیکۆ سزابدرێن

رووداو دیجیتاڵ
 
ڤینیسیۆس جونیۆر، یاریزانی بەرازیلی و هێرشبەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی داوای سزادانی بەشێکی هاندەرانی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات، دوای ئەوەی هوتافی رەگەزپەرستییان بەرامبەر گوتەوە. 
 
لە میانی یارییەکانی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید میوانداری ئینتەر میلانی کرد و بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان توانی بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە سەربکەوێت. 
 
ڤیدیۆیەک لە سۆشیاڵ میدیا بڵاودەبێتە و تێیدا دەردەکەوێت کە پێش دەستپێکردنی یارییەکە، ژمارەیەک لە هاندەرانی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە پێش یاریگەی مێترۆپۆلیتانۆ، هوتافی رەگەزپەرستی بەرامبەر ڤینیسیۆس جونیۆر دەڵێنەوە و یاریزانەکە بە 'شامپانزی' بانگدەکەن. 
 

 

 
لێدوانی ڤینیسیۆس جونیۆر

ڤیدیۆکە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و لای خۆیەوە ڤینیسیۆس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ئێکس'، هەژماری هەریەکە لە چامپیۆنزلیگ و یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا تاگدەکات و لەسەر ڤیدیۆکە دەڵێت "هیوادارم بیرتان لە سزادانی ئەوانە کردبێتەوە. ئەوە راستییەکی تاڵە و رووداوێکە کە تەنانەت لەو یارییانەی بەشداریشیان تێدا ناکەم دووبارە دەبێتەوە."
 
لەوەتەی پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کردووە، کێشەی نێوان ڤینیسیۆس و هاندەری تیپەکانی بەرامبەری، میدیاکانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. لە چەند رووداوێکیشدا، گرژیی نێوانیان گەیشتووەتە رادەیەک کە تێیدا ئەستێرە بەرازیلییەکە رووبەڕووی کرداری رەگەزپەرستی بووەتەوە.