هاندەرانی بارسا لە مان سیتی دەترسن و ریالیان دەوێت

رووداو دیجیتاڵ
 
هاندەرانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی نایانەوێت یانەکەیان لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی ببێتەوە. 
 
یارییەکانی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ کۆتاییهاتن و ناسنامەی یانە سەرکەوتووەکان بۆ قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە ئاشکرابوون. هەریەکە لە یانەکانی بارسێلۆنا، بۆرووسیا دۆرتموند، ئارسیناڵ، مانچێستەر سیتی، بایرن میونشن، ئاتلێتیکۆ مەدرید، پاریس سانجێرمان و ریال مەدرید بلیتی قۆناخەکەیان بەدەستهێناوە.
 
رۆژی هەینی، 15-3-2024، تیروپشکی قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە ئەنجامدەدرێت. یانەی بارسێلۆنا لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیان دەنگدانێک بڵاودەکەنەوە و پرسیار لە هاندەرانیان دەکەن، کە ئایا حەزدەکەن لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ بارسا بەرامبەر کام یانە بکەوێت. 
 
بەپێی ئەنجامی دەنگدانەکە، بۆرووسیا دۆرتموند لە پلەی یەکەمی ئەو یانانە دێت کە هاندەرانی بارسا حەزدەکەن یانەکەیان رووبەڕووی ببێتەوە. لەلایەکی دیکەوە، پێدەچێت بەشێكی زۆری هاندەرانی یانە کەتەلۆنییەکە بیانەوێت لەو قۆناخەدا کلاسیکۆی ئیسپانیا ببینن، بەپێی ئەوەی یانەی ریال مەدرید لە پلەی دووەمی لیستەکە دێت و لە ریزی ئەو یانانە دێت کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە. لە دوای ریال مەدرید، هەریەکە لە یانەکانی ئارسیناڵ، ئاتلێتیکۆ مەدرید و پاریس سانجێرمان دێن کە پلەکانی سێیەم تاوەکو پێنجەمیان گرتووە.
 
بوونی بایرن میونشن لە پلەی شەشەم جێگەی سەرسووڕمان نییە. بارسێلۆنا لە رابردوودا تووشی چەندین ئەنجامی خراپ و ئابرووبەرانە بووە بەرامبەر ئەو یانە باڤارییە، بەشێوەیەک کە لە ساڵی 2020 لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بارسا تووشی یەکێک لە خراپترین شکستەکانی مێژووی خۆیبوو، کاتێک بە ئەنجامی 8-2 شکستی هێنا و لە پاڵەوانێتییەکە کرایە دەرەوە. 
 
یانەی مانچێستەر سیتیی پاڵەوانی وەرزەی رابردووی چامپیۆنزلیگیش، دوایین پلەی ئەو یانانەی گرتووە کە هاندەرانی بارسا حەز دەکەن یانەکەیان رووبەڕووی ببێتەوە و کەمترین دەنگی بەدەستهێناوە. یانە ئینگلیزییەکە وەرزی رابردوو بە ئاستێکی نایابەوە دەرکەوت و  توانی بەسەر چەندین یانەی گەورەی بایرن میونشن، ریال مەدرید و ئینتەرمیلاندا سەربکەوێت و بۆ یەکەمینجار لە مێژووی خۆیدا نازناوەکەی بەرزکردەوە. بەهەمانشێوەی وەرزی رابردوو، مانچێستەر سیتی بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە و بە یەکێک لە پاڵێوراوە سەرەکییەکانی بردنەوەی نازناوەکان دادەنرێت.