6 کەس بە تۆمەتی دزیکردن لە ماڵی ئەستێرەکانی تۆپی پێ دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئیسپانیا دەستگیرکردنی 6 کەسی راگەیاند، کە تۆمەتبارن بە دزیکردن لە ماڵی ئەستێرە دیارەکانی تۆپی پێ.
پۆلییسی ئیسپانیا لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "5 پیاو و ئافرەتێکیان دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارن بە دزیکردن لە ماڵی یاریزانە دیارەکانی تۆپی پێ، لەنێویاندا رادەمێل فاڵکاو، هێرشبەری یانەی رایۆ ڤاییکانۆ و رۆدریگۆ گوس، هێرشبەری یانەی ریال مەدریدی تێدایە."
پۆلیس لە راگەیێنراوەکەیدا دەڵێت "لە هەڵمەتەکدا بۆ گرتنی ئەو دزانە، دەستیان بەسەر 10 کاتژمێر و ژمارەیەکی زۆری خشڵدا گرتووە، جگە لەوەش دەستیان بەسەر 300 یۆرۆ و دوو دەمانچەی هەواییدا گرتووە."
بەپێی راگەیێنراوەکەدا، دزەکان لە رۆژی 13ـی مانگی رابردووەوە گیراون، بەڵام بەهۆی لێکۆڵینەوەکان راگەیاندنی دەستگیرکردنیان دواخراوە.
پۆلیسی ئیسپانیا لە مانگی تەمموزی ساڵی 2022ـەوە هەوڵەکانی بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی دزی دەکەن چڕکردووەتەوە.
بەپێی سەرچاوەکانی پۆلیس رادەمێل فاڵکاو، هێرشبەری بەنێوبانگی کۆڵۆمبی و رۆدریگۆ گوس، هێرشبەری بەرازیلی لەنێو ئەو کەسانەدان کە بوونەتە قوربانیی دزیکردنەکە.
دزەکان دانیان بە تاوانەکەیانداناوە و بە پۆلیسیان گوتووە، لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە بەدوای زانیارییەکانی تایبەت بە شوێنی ماڵی ئەستێرەکاندا گەڕاون.
سێ لەو کەسانەی دەستگیرکراون تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی دزیی گەورە و هەڕەشەکردن لە خەڵک و سپیکردنەوەی پارە، بۆ ئەوەش لەژێر لێکۆڵینەوەدان.