لە رۆژی کلاسیکۆدا لاپۆرتا پێشوازی لە پێرێز ناکات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، دۆخی ناکۆکی و دڵەڕاوکەی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ریال مەدریددا بەرەو سەر برد، پاشئەوەی لە رێوشوێنێکی پەیڕەوکراو بەرامبەر ریال مەدرید پاشگەزبووەوە، بەرلەوەی هەردوو تیپ هەفتەی داهاتوو لە کلاسیکۆی گەڕانەوەی لالیگادا بەیەکبگەن لەسەر یاریگەی کامپ نو.
پێشتر ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکدا، رایگەیاندبوو کە ئەگەر دادگا دەرگای سکاڵا بۆ لایەنە زەرەرمەندەکانی پەیوەست بە دۆسێی بارسێلۆنا - نێگرێرا بکاتەوە، یانەکە سکاڵای یاسایی لەسەر بارسێلۆنا تۆمار دەکات وەک لایەنێکی زیانمەندی ئەو دۆسێیە.
دوای راگەیەنراوەکەی ریال مەدرید، خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا هێرشیکردە سەر ریال مەدرید و یانەکانی دیکە و بە نەفام ناویبردن.
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی ئیسپانی رایگەیاندووە یانەی بارسێلۆنا بڕیاریداوە پرۆتۆکۆلی تایبەت بە پێشوازی لە سەرۆکی یانەکان لە یاریگەی نوکامپ کە بۆ سەرۆکی یانە سەردانکەران ئەنجامدەدرێت، بۆ یاری کلاسیکۆی داهاتوو هەڵبوەشێنێتەوە.
میدیای کەتەلۆنیا دەڵێن، لاپۆرتا لە بڵاوکراوەکەی ریال مەدرید تووڕەیە، بڕیاریداوە پێشوازی لە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید نەکات و نانی ئێوارەشی لەگەڵدا نەخوات، لە کاتێکدا ئەمە رێوشوێنێکە و بەبەردەوامی لە کاتی پێشوازی لە سەرۆکی یانەکانی دیکەدا پەیڕەوی لێدەکرێت.
بارسێلۆنا تۆمەتبارە بەبەرتیلدان بە خۆسێ ماریا ئینریگێز نێگرێرا، جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا و بەهۆیەوە داواکاری گشتیی بارسێلۆنا، تۆمەتی گەندەڵی، نەپاراستنی ئەمانەت و ساختەکاریی داوەتە پاڵ یانەی بارسێلۆنا، دوو سەرۆکی پێشوو و دوو بەڕێوەبەری پێشووی یانەکە.